دوایین پەرەسەندن؛ ریال مەدرید گرێبەستی مۆدریچ نوێدەکاتەوە
چیرۆکی خۆشەویستی مۆدریچ و ریال مەدرید بەردەوام دەبێت

یاریگا –
پێشبینی دەکرێت لوکا مۆدریچ بۆ وەرزێکی دیکەش لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.
تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، لوکا مۆدریچی کڕواتی و ناوەڕاستکاری ریال مەدرید ئارەزوودەکات بۆ وەرزێکی دیکەش گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی نوێبکاتەوە و بەنیاز نییە لە کۆتایی ئەم وەرزە ماڵئاوایی بکات.
مۆدریچ لەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات، خۆی لەگەڵ رۆڵە نوێیەکەی وەک یاریزانی یەدەک گونجاندووە، لەم وەرزە بەشداریی 39 یاریی کردووە و بەشێوەیەکی گشتی 1,789′ خولەک یاریی کردووە. 4 گۆڵی کردووە و 6 گۆڵیشی دروستکردووە.
Luka Modric quiere seguir y tiene motivos para esperar una renovación del Real Madrid.
◾️ El croata, a sus 39 años, brilla con luz propia. Es el décimo jugador que más utiliza Carlo Ancelotti.
✍️ @JorgeCPicon https://t.co/LsOQqBKhfN
— Relevo (@relevo) February 23, 2025
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئیسپانییەکە ئەفسانە 39 ساڵانییەکە ئامادەیە لەپێناو مانەوەی مووچەکەی کەمبکاتەوە. ریال مەدریدیش بڕیاریداوە ئەگەر تاوەکو کۆتایی وەرز لەسەر ئەو ئاستە بەرزەی بەردەوامبێت ئەوا گرێبەستەکەی بۆ وەرزێکی دیکەش نوێدەکەنەوە.
کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکەش دڵی بە لوکا خۆشە و دوای یارییەکەی شەوی رابردووی ریال مەدرید بەرامبەر جیڕۆنا بەڕوونی داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیی کرد.
پێشتریش گوتوومە، مۆدریچ دیارییەکە بۆ تۆپی پێ پێویستە تاوەکو ئەو کاتەی خۆی دەیەوێت لە ریال مەدرید بەردەوامبێت. بەباشی کاری خۆی دەکات، خاوەنی کواڵێتییەکی بەرزە و ریال مەدرید بەبەختە ئەفسانەیەکی وای هەیە.
مۆدریچ لە هاوینی 2012 بەبڕی 35 ملیۆن یۆرۆ لە تۆتنهامەوە پەیوەندی بە ریال مەدرید کرد. بەدرێسی مێرێنگی بەشداری 574 یاریی کردووە 43 گۆڵی کردووە و 92 گۆڵی دروستکردووە.
شەش نازناوی چامپیۆنزلیگ و 22 نازناوی دیکەی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە بەدەستهێناوە. لە ساڵی 2018 وەک یەکەم یاریزانی کڕواتی لەمێژوودا خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا.