ڤان پێرسی بەفەرمی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەیەکی چامپیۆنزلیگی گرتە ئەستۆ

یاریگا –
وەکو چاوەڕوان دەکرا فاینۆرد رۆتێردام بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ رۆبن ڤان پێرسی راهێنەری هۆڵەندی راگەیاند و ئەو راهێنەرەی هێرنڤین دەبێتە راهێنەری نوێی یانەکەی رۆتێردام.
رۆبن ڤان پێرسی کە لە فاینۆرد دەستی بە یاریی کردووە و هەر لەو یانەیەش وازی لە یاریکردن هێنا، وەکو راهێنەر دەگەڕێتەوە یانەکەی منداڵی، کە لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەر ئینتەر میلان کەوتووە و رووبەڕووی ئەو یانە ئیتاڵییە دەبێتەوە.
رۆبن ڤان پێرسی کە هاوینی رابردوو ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هێرنڤینی گرتە ئەستۆ، لە 26 یاری لەگەڵ ئەو یانەیە 9 بردنەوە و 6 یەکسانبوون و 11 دۆڕانی بەدەستهێناوە، بە کۆکردنەوەی 27 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت.
The next chapter starts here.
𝐑𝐨𝐛𝐢𝐧 𝐯𝐚𝐧 𝐏𝐞𝐫𝐬𝐢𝐞, welcome home again! pic.twitter.com/mgaM8yl79e
— Feyenoord Rotterdam (@Feyenoord) February 23, 2025
ڤان پێرسی (41 ساڵان) کە لە ساڵی 1996 لە لاوانی فاینۆرد رۆتێردام دەستی بە یاریی کردووە، تاوەکو هاوینی 2004 لە ریزی ئەو یانە هۆڵەندییە یاریی دەکرد، 122 یاری بە درێسی ئەو یانەیە کردووە و 46 گۆڵ و 16 ئەسیستی بە درێسی یانەکەی رۆتێردام کردووە. لە ساڵانی 2004 تا 2012 درێسی ئارسیناڵی پۆشیوە و 278 یاری و 132 گۆڵ و 55 ئەسیستی بە درێسی گەنەرز کردووە.
فاینۆرد رۆتێردام لەدوای ئەیاکس و ئایندهۆڤن لە پلەی سێیەمی خولی نایابی هۆڵەندا دێت و لە 22 یاری 43 خاڵی کۆکردووەتەوە، لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی ئینتەر میلان دەبێتەوە.