ئەنچیلۆتی لەسەر کورسی یەدەک خەریکی چییە؟ خووێکی خراپی ئەم وەرزەی راهێنەرە ئیتاڵییەکە ئاشکرابوو
باشترین یەدەکی هەیە کەچی کەمترین گۆڕانکاریی دەکات

یاریگا –
ئەنچیلۆتی لەسەر کورسی یەدەک کەمترین جولەی هەیە، بەراورد بە رکابەرەکانی لە لالیگا کەمترین گۆڕانکاریی لە یارییەکان دەکات، لەکاتێکدا یەکێک لە باشترین یەدەکەکانی خولەکەی هەیە.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە راپۆرتێکی تەکتیکدا ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگا کەمترین گۆڕانکاریی کردووە، لەکاتێکدا یاریزانە یەدەکەکانی یانەکە لە باشترین یاریزانەکانی خولەکەن و زۆرترین گۆڵیان کردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانە ئیسپانییەکە لە زۆربەی یارییەکان کەللەڕەقی دەکات و گۆڕانکاریی ناکات.
رۆژنامە مەدریدییەکە رایگەیاندووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی لە زۆربەی یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا هەر پێنج گۆڕانکارییەکەی ناکات، لەو یارییانەی پێنج گۆڕانکاریی کردووە یانە مەدریدییەکە بە ئاسانی بردنەوەی بەدەستهێناوە.
رۆژنامەی ئاس ئاشکرایکردووە، یاریزانە یەدەکەکانی ریال مەدرید لەم وەرزە تەنیا 1,529 خولەک یارییان کردووە، لەکاتێکدا دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یارییەکانی ئەم وەرزە لە خولەکە 116 گۆڕانکاریی کردووە و یاریزانە یەدەکەکانی رۆخی بلانکۆس 3025 خولەک بەشدارییان کردووە.
ئەنچیلۆتی لە 24 یارییەکەی ئەم وەرزەی لالیگا 91 گۆڕانکاریی کردووە، یەدەکەکانی ریال مەدرید 4 گۆڵ و 5 ئەسیستیان کردووە، واتە دوای هاتنە ناوەوەیان لە هەر 170 خولەکێک بەشداریی گۆڵێکیان کردووە، جگە لە ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا و ڤیاڕیال هیچ یانەیەکی دیکە یەدەکەکانی لە ریال مەدرید باشتر نین. براهیم دیاز لە یاریزانە یەدەکە کاریگەرەکانی ریال مەدریدە، دوای هاتنە ناوەوەی لە یارییەکان ئەم وەرزە گۆڵێک و دوو ئەسیستی کردووە.