یاریگا –
دهۆک چاوەڕێی کارتی نیشتیمانی پیتەر گورگیس دەکات بۆ ئەوەی گرێبەستی سیمۆن شەریف رابگەیەنێت، ئەگەر گورگیس بە یاریزانی خۆماڵی هەژمار نەکرێت یانەی دهۆک رێگا نادات بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی بوەرزشی یاریگا، یانەی دهۆک هێشتا چاوەڕێی دەرچوونی کارتی نیشتیمانی پیتەر گورگیس دەکات بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بەفەرمی بە یاریزانێکی خۆماڵی هەژمار بکرێت و بتوانێت گرێبەست لەگەڵ سیمۆن شەریف واژۆ بکات، وابڕیاربوو دوو رۆژ لەمەوبەر بەڵگەنامەکانی پیتەر بگەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوون و بە یاریزانی پیشەگەر هەژمار دەکرێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی دهۆک چاوەڕێ دەکات پیتەر گورگیس ببێتە خاوەنی کارتی نیشتیمانی عێراقی بۆ ئەوەی بتوانێت وەکو یاریزانی خۆماڵی هەژماری بکات، ئینجا گرێبەست لەگەڵ سیمۆن شەریف بەرگریکاری یانەی هیلێرۆدی دانیمارکی واژۆ دەکات کە ئێستا بێ یانەیە و چاوەڕێی یانەی دهۆک دەکات.
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاندبوو، سیمۆن شەریف دەبێتە دوایین گرێبەستی زستانەی یانەی دهۆک، بەڵام بەهۆی ئەوەی رێکارەکانی پیتەر گورگیس تەواو نەبوون، هێشتا دهۆک ناتوانێت یاریزانێکی دیکەی پیشەگەر زیاد بکات، بۆیە گرێبەستەکەی واژۆ نەکردووە.
دهۆک بەنیازە ئەگەر لێژنەی پێشبڕکێیەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەفەرمی پیتەر گورگیس وەکو یاریزانی خۆماڵی هەژمار نەکات، ئەوا رێگای پێنادات ئەو یاریزانە بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بکرێت.
پێشبینی دەکرێت تاوەکو چەند رۆژی داهاتوو چارەنووسی کارتی نیشتیمانییەکەی پیتەر گورگیس یەکلا بێتەوە، بۆ ئەوەی چارەنووسی سیمۆن شەریف ئاشکرا بێت، کە ئەو یاریزانە 27 ساڵانە لە هێلی بەرگری لای راست یاریی دەکات.