![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/akre-780x470.jpg)
یاریگا –
لە رۆژی یەکەمی گەڕی 17ی خولی نایابی کوردستان، ئاکرێ میوانداری هەولێری کرد و یانەی قەڵا و منارە 0-1 یارییەکەی بردەوە.
دوای ئەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا، هاندەران و ئامادەبووانی یارییەکە، رژانە سەر چیمەنی یاریگا و هێرشیانکردە سەر یاریزانانی یانەی هەولێر، تەنانەت ئازار بە چەند ئەندامێکی یانەی ئاکرێش گەیشت.
لە ئەنجامی هێرشی هاندەرانی ئاکرێ، سێ یاریزانی هەولێر بە سەختی برینداربوون. یانەکەی پایتەخت لە دوای یارییەکە بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و داوای سزادانی ئاکرێی کرد.
بۆ مامەڵەکردن لە دۆخی لەمشێوەیە، یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان پشت بە چ یاسایەک دەبەستێت؟ کەیسەکە لە بەرژەوەندی کێ کۆتایی پێدێت؟
یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەڕوونی سزای حاڵەتی دەستوەردان و ئاژاوەنانەی هاندەران دەستنیشانکردووە، لەم بابەتەدا، تەواوی وردەکارییەکان و سزا چاوەڕوانکراوەکان دەخەینەڕوو؛
لە یاسای تایبەت بە هاندەراندا هاتووە؛
- ئەگەر هاندەری هەر یانەیەک ئاژاوە و کێشە بنێتەوە و زیانی ماددی بە یاریگاکە بگەیەنن، ئەوا چاککردنەوەی دەکەوێتە یانەی ‘ئاژاوەگێڕ’.
- ئەگەر هاندەرانی هەر یانەیەک وشە و کرداری رەگەزپەرستی یان تایڤی لە دژی یانە، یاریزان و ئەندامانی دەستەی راهێنەران بەکاربهێنن، ئەوا سزاکانی خوارەوە دەیانگرێتەوە؛
– 3-5 یاریی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگای خۆیدا دەکات.
– پێبژاردنی یانەی ‘ئاژاوەگێڕ’ بە دوو – سێ ملیۆن دینار. - ئەگەر هاندەرانی یانەکە ئاژاوەگێڕی یاخود تێکدان یان رێگری لە بەڕێوەچوونی یارییەک یان هێرش بکەنە سەر سەرپەرشتیار یان دەستەی ناوبژیوانان یان تیمی بەرامبەر، ئەوا سزاکانی خوارەوە دەیانگرێتەوە؛
– 2-4 یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەکات.
– 2-4 یاریی لە یاریگای خۆی بەبێ هاندەران دەکات.
– پێبژاردنی 3-5 ملیۆن دینار. - یاساکە رووداوەکانی ئەم یارییە ناگرێتەوە.
- چوونە ژوورەوەی هاندەرانی خاوەن یاریگا و پەکخستنی یارییەکە، یاخود چوونە ژوورەوەی هاندەران ببێتە هۆی تەواونەکردن یاخود وروژاندنی توندوتیژی و شکاندنی کەلوپەلی یاریگا، ئەم سزایانەی خوارەوە دەیانگرێتەوە؛
– هەژمارکردنی یانەی ‘ئاژاوەگێڕ’ بە دۆڕاو بە ئەنجامی 0-3، ئەگەر یانەکە گۆڵی زیاتری کردبێت، ئەوا ئەنجامەکە وەکو خۆی دەمێنێتەوە.
– 2-4 یاریی بەبێ هاندەر لە یاریگای خۆیدا دەکات.
– پێبژاردنی بڕی دوو بۆ چوار ملیۆن دینار.