![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/GettyImages-2181235081.jpg-780x470.webp)
یاریگا –
پێدەچێت کەیسی ناوبژیوانانی لالیگا بچێتە قۆناخێکی هەستیار و گەڕ دوای گەڕ، فشاری سەر ناوبژیوانان زیاد دەبن.
لەماوەی رابردوودا، لێدوانی ئەندامانی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لەسەر ناوبژیوانان بووەتە نەریت و بەهەموو شێوەیەک، هەوڵی دروستکردنی فشار لەسەر ناوبژیوانان دەدەن.
دوای تەواوبوونی یاریی شەوی رابردووی نێوان سێڤییا 1-4 بارسێلۆنا، گاڤی رەخنەی توندی لە ناوبژیوانان گرت و باسی رووداوی یارییەکەی ریال مەدریدیش کرد
دەبووایە لە یاریی نێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید، کارتی سوور بە دانی سێبایۆس درابووایە، کەچی ئەمشەو لە جیاتی سێبایۆس، کارتی سوور بە فێرمین لۆپێز درا، بەلای منەوە، تەنیا کارتێکی زەرد بەسبوو.
لەلایەکی دیکەوە، بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆی ئیسپانیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، لیژنەی هونەری ناوبژیوانانی ئیسپانیا لەسەر رووداوی لێدانە سزاکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆبووەتەوە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، ناوبژیوان بڕیارێکی دروستیداوە و ئاتلێتیکۆ مەدرید شایەنی لێدانی سزابووە.
چی روویداوە؟
لە خوولەکی 32ی گێمی یەکەمی یاریی رابردووی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ، سێزار سۆتۆ گرادۆ، ناوبژیوانی یارییەکە لێدانی سزای بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەژمارکرد، دوای ئەوەی ئۆرێلیەن چوامینی پێی لە ساموێڵ لینۆ-نا. ناوبژیوانی یارییەکە دوای گفتوگۆی لەگەڵ ناوبژیوانانی ژووری ڤار، بڕیاری لێدانی سزایدا.
کەناڵی ریال مەدرید، دوای تەواوبوونی یارییەکە هێرشێکی فراوانیان کردە سەر ناوبژیوان و یەکێک لە پێشکەشکارانی کەناڵە گوتی
ئێمە رووبەڕووی یانەیەک بووینەوە کە زۆرترین سوودی لە ناوبژیوان و ڤار وەرگرتووە. بەڕاستی سەیرە، ئەم پێکدادانە زۆر ئاساییە، ئەمە شەرمەزارییە. ئەگەر لە شوێنی ریال مەدرید بوومایە، دەستبەجێ یاریگام جێدەهێشت. دیارییەکی بەنرخ درایە ئاتلێتیکۆ و ئەمە ئابڕوچوونە.
ئەمە لالیگای بۆگەنە، لیگای نێگرێیرایە. ئیتر دەبێ رووبەڕووی ناوبژیوانان ببینەوە و واز لە رووبەڕووبوونەوەی یانەکان بهێنین.
بەهیچ شێوەیەک لێدانی سزانەبوو، هەڵەیەکی زەقی ناوبژیوانە. هەردوو ناوبژیوانەکە (سەرەکی و ڤار) ئەم ئەنجامەیان دەویست، ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە لویس مێدینا کانتالێخۆ، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا دەیەوێت، ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەیەوێت.
ناوبژیوانانی پێشووی لالیگا چی لەسەر لێدانە سزاکە دەڵێن؟
دوای دێربی مەدرید، تۆڕی وەرزشی مۆڤیستاری ئیسپانی ناوەڕۆکی قسەکانی ناوبژیوان و یاریزانانی ریال مەدریدی لەبارەی لێدانە سزایەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بڵاوکردەوە، لە گرتە ڤیدیۆیەکە دەردەکەوێت سوتۆ گرادۆ ناوبژیوانی یارییەکە بە راوول ئەسینسیۆ دەڵێت :’بەرکەوتنێک هەبوو، من خۆم راستەوخۆ دیمەنەکەم نەبینی’، بەرگریکارەکەی ریال مەدریدیش پێی دەڵێت :’بەڵام دیمەنی هەر رووداوێک خاو بکەیتەوە لێدانی سزا بۆ هەر بەرکەوتنێک هەژمار دەکرێت’.
سیزار بارینچیا مۆنتێرۆ ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانی بۆ رۆژنامەنوی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی لەبارەی پێناڵتییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەڵێت :’بەریەککەوتنێک هەبوو، بەڵام تۆپەکە تێپەڕی و هیچ ململانێیەک لەسەر تۆپەکە نەبوو، بڕیارەکە قورس بوو، من بوومایە نەمدەکردە لێدانی سزا و پێناڵتیم هەژمار نەدەکرد’.
کاردانەوەکانی پێناڵتییەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بەرامبەر ریال مەدرید؛ لێدانە سزایەکە دروستبوو؟
ماتیۆ لاهۆز ناوبژیوانی پێشووی ئیسپانیش بە هەمان شێوە بڕوای وایە لێدانە سزایەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید دروست نەبوو، دوای یارییەکە لە لێدوانێکی بۆ رادیۆی کادێنا کۆپی ئیسپانی گوتی :’بڕواپێنەکراو بوو، بڕیارەکە رێڕەوی یارییەکەی گۆڕی’. ناوبژیوانەکە دوای یارییەکە زۆر لە ناوبژیوانی یارییەکە ناڕازی بوو، گوتی ‘دوای ئەوەی بینیمان، ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت’.