![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/kobbie-mainoo_169.jpeg)
یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتد بیر لە فرۆشتنی ناچاریی ئەستێرەیەکی دەکاتەوە پێش دەستپێکی بازاڕی هاوینەی یاریزانان.
یانەکە لە چەند ساڵی رابردوودا تەنها لە سەردەمی ئێریک تێن هاخدا ئەپرێلی 2022 – ئۆکتۆبەری 2024 بڕی 615 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی یاریزاندا خەرجکرد، بەڵام تەنها دوو نازناوی لاوەکییان بردەوە. بە هاتنی روبن ئامۆریشم لەدوای ئەو بەرواروەوە، بڕی 30 ملیۆن پاوەندیان لە گواسنەوەی زستانەدا خەرجکرد. ئێستاش خۆیان بۆ مێرکاتۆیەکی چالاکتر ئامادەدەکەن، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی یاسای داریی خاوێن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی فیچاخێسی ئیسپانیی، یانەکە بۆ تەریب بوون لەگەڵ یاساکانی سوود و بەردەوامیی، دەیەوێ بەناچاریی کۆبی مەینوو بفرۆشێت.
یاسای سوود و بەردەوامیی، چوارچێوەیەکی بۆ یانەکانی پریمەرلیگ داناوە بۆ ئاستی خەرجی و زیانی دارایی بە جۆرێک نابێت لە سێ وەرزی لەسەر یەک لە 105 ملیۆن پاوەند زیانەکانیان تێپەڕ بکات. لە روودانی ئەوەدا، ئەوا دووچاری سزا دەبنەوە کە بە زۆری خۆی لە داشکاندنی خاڵدا دەبینێتەوە.
بۆ پابەندبوون بەو یاسایە، مان یو دەیەوێ کەڵک لە بەها زۆرەکەی مەینوو وەربگرێت کە بە 80 ملیۆن پاوەند دەخەمڵێنرێت.
ماڵپەڕەکە ئاشکراشیکردووە هەردوو یانەی چێڵسی و بایرن میونشن چاویان لە ئەستێرە لاوەکەی مان یونایتدە.