چۆن هاوژینە سویدییەکەی پەشەنگ عەبدوڵا دوای هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ یاریزانە کوردەکە بووە موسڵمان؟
پەشەنگ لە درێسینگ رووم چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/Layer-Order-780x470.jpg)
یاریگا –
پەشەنگ عەبدوڵا یاریزانی یانەی دهۆک بۆیەکەمجار لە درێسینگ رووم چیرۆکی موسڵمانبوونی هاوژینە سویدییەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت ‘من هیچ هەوڵێکم ندا، ئەو خۆی بۆچوونی گۆڕا و بووە موسڵمان’.
پەشەنگ عەبدوڵا هێرشبەری یانەی دهۆک کە خەڵکی کۆیەیە و لە منداڵییەوە لە سوید دەژیا، لە نوێترین ئەڵقەی بەرنامەی درێسینگ رووم لە تۆڕی وەرزشی یاریگا نهێنییەکی ژیانی خۆی دەدرکێنێت و باسی چیرۆکی موسڵمانبوونی هاوژینەکەی دەکات، پەشەنگ دەڵێت :’ساڵێکە هاوژینەکەم بووەتە موسڵمان، دوای هاوسەرگیریکردنمان ئەو هەمیشە بەدواداچوونی بۆ ئایینی ئیسلام دەکرد، بەڵام من هیچ هەوڵێکم نەدا و رێزم لە ئازادی کەسی ئەو دەگرت، ئەو دوو ساڵ بوو قورئانی دەخوێندەوە و دەستی بە نوێژ کردبوو، دواتر بڕیاریدا ببێتە موسڵمان’.
پەشەنگ لە درێسینگ رووم دەشڵێت :’ئەو پێشتر باوەڕدار نەبوو، بڕوای بە هیچ ئایینێک نەبوو، بەڵام ئێستا لەوەتەی بووەتە موسڵمان هەست دەکەم لە رووی دەروونییەوە ئاسوودەترە، هەست دەکەم کەسایەتی من و هەڵسوکەوتەکانم بوونە هۆکار بۆ ئەوەی ببێتە موسڵمان’.
هاوینی رابردوو پەشەنگ ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ فلیپا سزاکرد، کە ئێستا لە زۆربەی یارییەکانی دهۆک ئەو خانمە سویدییە ئامادە دەبێت و هانی هاوژینەکەی دەدات.
بەرنامەی درێسینگ رووم بەرنامەیەکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگایە، رۆژی دووشەممە کاتژمێر 21:00 پەخش دەکرێت، کە تیایدا پەشەنگ عەبدوڵا هێرشبەری دهۆک باسی وێستگە جیاوازەکانی کاروانی وەرزشی خۆی دەکات و چەند نهێنییەکی ژیانی دەدرکێنێت.
پەشەنگ عەبدوڵا 29ـی مایۆ/ئایاری 1994 لە هەولێر لەدایکبووە و سێ مانگی دیکە تەمەنی دەبێتە 31 ساڵ، لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەشداریی 16 یاریی کردووە و هەزار و 92 خولەک یاریی کردووە، 6 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.
کوڕە کوردەکە خاوەنی سێ یاریی نێودەوڵەتییە بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق، هاوینی رابردوو بۆ ماوەی وەرزێک پەیوەندی بە ریزەکانی دهۆکەوە کرد، پێشتر لە ریزی یانەکانی دالکورد و دیگێریفۆرسی سویدی یاریی کردووە.