مانچێستەر سیتی بەر لە یارییەکەی ریال مەدرید کێشەیەکی گەورەی بۆ دروست دەبێت
بەگوێرەی یاسای یوێفا ناتوانێت ناوی یاریزانە نوێیەکان تۆماربکات
یاریگا –
بۆ قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ مانچێستەر سیتی رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە.
مانچێستەر سیتی لە مێرکاتۆی زستانە 218 ملیۆن یۆرۆی لە گواستنەوەی هەریەکە لە یاریزانان عومەر مەرمووش، عەبدولقادر خوسانۆڤ، نیکۆ گۆنزالێز و ڤیتۆر رێس خەرجکرد.
هاوکات لە هاوینی رابردوو بەبڕی 18.50 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستی لەگەڵ کلاودیۆ ئیچیڤێری ئەستێرەی لاوی ریڤەر پلەیت واژۆ کرد و یاریزانەکە بۆ شەش مانگ بە خواستن لە یانە ئەرجەنتینییەکە مایەوە و لەم زستانە پەیوەندی بە سیتیزنس کرد.
ماڵپەڕی فووتمێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی لە تۆمارکردنی ناوی یاریزانە نوێیەکان لە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە و ناتوانێت ناوی هەموویان تۆماربکات.
بەگوێرەی یاساکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا، هەر یانەیەک بۆی هەیە لەدوای قۆناخی کۆمەڵەکان و لە قۆناخی کرانەدەرەوە تەنیا ناوی سێ یاریزانی نوێ تۆماربکات.
یانەکان بە دوو لیست ناوی یاریزانان تۆمار دەکەن، لیستی “B” ئەو یاریزانانە دەگرێتەوە کە پێویستە تەمەنیان لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت و لە 21 ساڵ زیاتر نەبێت.
لیستی “A” کە لیستی سەرەکی دەبێت، هەر یانەیەک بۆی هەیە ناوی 25 یاریزان تۆماربکات. دوو یاریزانیان گۆڵپارێز دەبن. هەروەها پێویستە 8 یاریزانیان یاریزانی ناوخۆیی بن. هەروەها پێویستە 4 یاریزانی لیستەکە لە تەمەنی 15 بۆ 21 ساڵی یارییان بۆ یانەکە کردبێت. ئەگەرنا مافی تۆمارکرانی تەنیا 23 یاریزان بە یانەکە دەدرێت.
بەڵام گرفتی سەرەکی بۆ مانچێستەر سیتی ئەوەیە یانەکە لەم زستانە 5 یاریزانی نوێی گواستوەتەوە، لە قۆناخی داهاتوو بۆی هەیە تەنیا 3 یاریزانیان تۆماربکات و پێپ گواردیۆلا ناچارە دوو یاریزانیان دووربخاتەوە.
لە 11ـی ئەم مانگە مانچێستەر سیتی لە یاریی چوونی قۆناخی پلەی ئۆف رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە. لە 19ـی هەمان مانگ لە یاریی گەڕانەوە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبێتە میوانی ریال مەدرید.