ئیسپانیاگرنگترین

چی لەبارەی ڤان دایکی ریال مەدرید دەزانین؟

"خاکۆبۆ، چارەسەرێک لە هەفتەی مان و نەماندا"

Yariga App

یاریگا –

خاکۆبۆ رامۆن، ئەستێرەیەکی لاوی ریال مەدریدە، بەهۆی ئاستە بەرزەکەی نازناوی ڤان دایکی ریال مەدریدی لێنراوە.

خاکۆبۆ لە 6ـی کانونی دووەمی 2005 لە مەدرید لەدایکبووە. بەرزی باڵای مەترێک و 96 سانتیمە و لە دڵی بەرگری یاریی دەکات. لە 2013 لە تەمەنی 8 ساڵی پەیوەندی بە ئەکادیمیای ریال مەدرید کردووە.

یاریزانەکە بەوە ناسراوە توانەیەکی باشی لە بنیادنانی هێرش هەیە. بەخێرایی خۆی سەلماندووە و بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیای ژێر 18 و 19 ساڵانیش کراوە.

لەم وەرزە ریال مەدرید بەدەست پێکانی بەرگریکارانی دەناڵێنێت، تیپەکە ئێستا هیچ یاریزانێکی دڵی بەرگری لەبەردەستدا نییە. کارلۆ ئانچێلۆتی بەناچاری پشت بە ئۆرێلییەن چوامێنی دەبەستێت، بەڵام ئاستی یاریزانە فەڕەنسییەکە لە دڵی بەرگری باش نییە و رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.

بژاردەیەکی دیکەی کارلۆ بانگهێشتکردنی راوول ئاسێنسیۆی بەرگریکاری تیپی دووەم بوو. راوول بەخێرایی خۆی لەگەڵ تیپی یەکەم گونجاند و ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە. بەڵام بەهۆی پێکانی رودیگەر و ئالابا، ئانچێلۆتی پێویستی بە بەرگریکاری دیکەی کاستیا دەبێت.

ئانچێلۆتی بۆیەکەمجار لەم وەرزە و لە چامپیۆنزلیگ دەرفەتی یاریکردنی بە خاکۆبۆ رامۆندا و بەرگریکارە لاوەکە بەرامبەر سالزبورگ 12 خولەک یاریکرد. هاوکات بووە شەشەم یاریزانی ئەکادیمیای یانەکە لەم وەرزە یاریی بۆ تیپی یەکەم بکات.

لە یارییەکەدا ئاستێکی ئەرێنی پێشکەش کرد و ئانچێلۆتی لێی رازییە. بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا لە یاریی ئەمشەوی ریال مەدرید بەرامبەر لێگانێس، جارێکی دیکە کارلۆ دەرفەت بە رامۆن دەدات و بەشداری یارییەکە دەکات.

ریال مەدرید هەفتەیەکی هەستیاری لەپێشە. شەممەی داهاتوو لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە دێربی مەدرید رووبەڕووی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەبێتەوە، سێ رۆژ دواتر لە یاریی چوونی قۆناخی پلەی ئۆفی چامپیۆنزلیگ لە ئیتیحاد دەبێتە میوانی مانچێستەر سیتی.

پێشبینی دەکرێت ڤان دایکەکەی ریال مەدرید لەم هەفتەیە یاریزانێکی کاریگەری کارلۆ ئانچێلۆتی بێت و بەشێکی چارەنووسی تیپەکە لە هەفتەی مان و نەمان لەئەستۆ بگرێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button