یاریگا –
دانا کامەران هێرشبەری هەولێر رۆیشتنی لە هەولێر راگەیاندووە و چاوەڕوانی مافی دەستبەرداربوونەکەی دەکات.
بە فەرمی دانا کامەران رۆیشتنی لە هەولێر راگەیاند دوای ئەوەی دەرفەتی کەمی پێدرا بۆ یارییکردن لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، دانا تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند کە بە تەواوی ئەوەی یەکلاکردۆتەوە ریزی هەولێر جێدەهێلێت و چاوەڕوانی هەولێرە بۆ ئەوەی نووسڕاوی دەستبەرداربوونەکەی بدەنێ، دەربارەی یانەی داهاتووی دانا گوتی:
هەریەک لە یانەکانی گازی باکوور و ئەمانەی بەغدا و پێشمەرگەی سلێمانی و دوو یانەی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش پەیوەندیان پێوەکردووم بۆ ئەوەی گرێبەستم لەگەڵ واژۆ بکەن، بە رێژەیەکی زۆر لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی رێکەوتووم بۆ ئەوەی لە خولی نایابی عێراق یارییان بۆ بکەم، بەڵام لە ئێستادا چاوەڕوانی هەولێرم نووسراوی دەستبەرداربوونەکەم بدەنێ.
سەرەتای وەرزی رابردوو لە سەر داوای سەمیر بابۆی راهێنەر دانا کامەران گرێبەستی لەگەڵ هەولێر واژۆکرد، بەڵام بە هۆی کەمی دەرفەتی یارییکردن یاریزانەکە رۆیشتنی لە یانەکە راگەیاندووە لە گواستنەوەی زستانە.