بەدواداچوون؛ یانەیەکی پرێمەرلیگ بەجیدی بۆ گواستنەوەی راشفۆرد هاتووەتە سەرهێڵ
دڵی بۆ بارسا لێدەدات و گیرفانیشی بۆ یانەکانی دیکە
یاریگا –
ئاستۆن ڤیلا بە فەرمی پرسیاری دۆخی مارکوس راشفۆردی لە مانچێستەر یونایتد کردووە.
سکای سپۆرتس ئاشکرایدەکات، ئاستۆن ڤیلا ئامادەیە ئۆفەرێکی فەرمی بۆ گواستنەوەی راشفۆرد پێشکەش بکات و چاوەڕێی وەڵامی مان یونایتدە.
دوای دەستبەرداربوون لە جۆن دوران و پەیوەندیکردنی بە نەسڕی سعوودی، کەتیبەکەی یونای ئێمری، دەیەوێت بەزووترین کات شوێنگرەوەی دەستنیشان بکات و راشفۆرد لە سەرووی ئامانجەکانە.
جگە لە راشفۆرد، رامۆن رۆدریگێز ڤێردێخۆ ‘مۆنکی’ سەرۆکی ئۆپەرەیشنی تۆپی پێی ئاستۆن ڤیلا دووپاتیکردووەوە، ڤیلانز گرنگی بە مارکۆس ئاسێنسیۆ، یاریزانی پاریس سانجێرمان و جواو فێلیکس و یاریزانی چێڵسی داوە.
حەوت هەفتەیە راشفۆرد بەشداری هیچ یارییەکی مانچێستەر یونایتد نەکردووە، دوا بەشداری بەرامبەر ڤیکتۆریا پڵزن لە یۆرۆپالیگ بوو. تەواوی ئاماژەکان رووەو چوونە دەرەوەی راشفۆردن لە ئۆڵدترافۆرد.
سەرەڕای مەشقی بەردەوامی راشفۆرد لەگەڵ تیمەکەی روبن ئامۆریم، کەچی ناوی لە لیستی 21 یاریزانییەکەی یاریی رابردووی مان یونایتد بەرامبەر FCSBی لە یۆرۆپالیگدا نەبوو.
لە پرێس کۆنفڕانسی دوای یاریی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر فولهام 0-1، ئامۆریم دووپاتیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە یاریی بە راشفۆرد بکات، تەنانەت ئامادەیە یاریی بە گۆڵپارێزێکی 63 ساڵان بکات و راشفۆرد بێبەش بکات.
ئامۆریم لە وەڵامی هۆکاری دوورخستنەوەی راشفۆرد و بەشداری پێنەکردنی دەڵێت
بەردەوام هەمان هۆکارە، هۆکارەکە مەشقکردنە و من دیدگایەکی تایبەتم بۆ مەشق هەیە. ئەگەر شتەکان بەمشێوەیە بەردەوام بن، منیش لەسەر هەمان عەقڵیەتی بەردەوام دەبم.
ئامادەم یاریی بە خۆرخێ ڤیتاڵ، راهێنەری گۆڵپارێزان بکەم کە تەمەنی 63 ساڵە، نەک بە یاریزانێک کە نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت.
ئەمە بۆ هەموو یاریزانێک وەکو یەکە، ئەگەر باشترینی خۆیان پێشکەش نەکەن، ئەگەر هەنگاوە دروستەکان نەنێیت، دەتوانین یاریزانی یەدەک بەکاربهێنین.
شەوی رابردوو، ماتیۆ مۆریتۆ، رۆژنامەنووسی تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا بیر لە کشانەوە لە گواستنەوەی مارکۆس راشفۆرد دەکاتەوە و گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ یانە کاتالۆنییەکە ئەستەمە و وەستاوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رێلێڤۆ، لە چەند کاتژمێری رابردوودا بارسێلۆنا قسەی لەگەڵ خودی مارکوس راشفۆرد کردووە، یانە ئیسپانییەکە گرنگی بە گواستنەوەی یاریزانەکە دەدات، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ یاریزانەکە و کێشەی دابینکردنی مووچەکەی، ئەستەمە گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکرێت.
ئێستا؛ ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان راشفۆرد و بارسێلۆنا ئاشکرا دەکرێت
پێشتر بۆڕووسیا دۆرتموند بەفەرمی پرسیاری دۆخی راشفۆردی لە مان یونایتد کردبوو، بەڵام بەهۆی ئاستەنگەکانی داراییەوە، پێناچێت گرێبەستەکە سەربگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ناوی راشفۆرد بە فەنەرباچێ بەسترابووەوە، بەڵام ئاجوون ئیلیجالی، جێگری سەرۆکی یانە ئیستانبووڵییەکە رەتیکردەوە، گرێبەست لەگەڵ راشفۆرد بکەن.
مووچەی هەفتانەی ئێستای راشفۆرد لە 300 هەزار پاوەند زیاترە، ئەمەش کێشەی سەرەکی لەبەردەم گواستنەوە دروستکردووە.