ریال مەدرید بە خواستن ئێندریک بەڕێ دەکات؟
یاریگا –
ریال مەدرید بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە، بە خواستن ئێندریک بەڕێ بکات و دەیەوێت لە مێرکاتۆی زستانە پارێزگاریی لێ بکات.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید بە هیچ شێوەیەک بیر لەوە ناکاتەوە بە خواستن ئێندریک بەڕێ بکات، لەکاتێکدا یانەکانی رۆمای ئیتاڵی و ساوسامتنی ئینگلیزی دەیانەوێت ئەو هێرشبەرە لاوە بەڕازیلییە بە خواستن بگوازنەوە ریزەکانیان.
رۆمانۆ راشیگەیاندووە، ئێندریک بەو ئاستە بەرزەی لە یاریی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ پێشکەشی کرد، سەلماندی نایەوێت لە ریال مەدرید بڕوات و دەیەوێت لەپێناوی کردنەوەی جێگای لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەی بجەنگێت، ئێندریک دەیەوێت لە مەدرید بەردەوام بێت و یانەکەشی بەمە دڵخۆشە.
بەرپرسانی ریال مەدرید بڕوایان وایە، ئێندریک یەکەم وەرزییەتی لە یانەکەیان و یەکەمجارە لە دەرەوەی بەڕازیل لە وڵاتێکی نوێ بژی، بۆیە فشارێکی زۆری لەسەرە و بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ دۆخەکە رادێت و مانەوەی لە یانەکەی زۆر پێویستە.
هێرشبەرە 18 ساڵانەکە لەم وەرزە بە درێسی ریال مەدرید لە 19 یاری بەشداریی کردووە و 315 خولەک یاریی کردووە، تەنیا لە دوو یاریی سەرەکی بووە و لە 17 یارییەکەی دیکە یەدەک بووە.