یاریگا –
سێسک فابرێگاسی راهێنەری کۆمۆ، دەیهەوێت ئەنسو فاتی و ئێریک گارسیا بە خواستن بگوازێتەوە ریزی یانەکەی.
فاتی هیوای خواست دوای گەڕانەوەی بۆ بارسیلۆنا، بتوانێت بە ئاستە باشەکەی لە مەشقەکانی تیپەکەدا سەرنجی هانسی فلیک رابکێشێت و جارێکی دیکە ببێتە ئەستێرەی تیپەکە، بەڵام ئەمە رووی نەدا و راهێنەرە ئەڵمانیەکە بەڕێوەبەرانی یانەکەی ئاگادارکردەوە پێویستی بەم هێرشبەرە نییە.
پێکانە زۆر و درێژخایەنەکان، هەروەها ئامادەنەبوونی لە مەشق و راهێنانەکان، وایکردووە راهێنەرە نوێیەکەی بارسا متمانەی پێ نەکات، بەڕێوەبەرانی یانەکەش هەوڵدەدەن رازی بکەن لە گواستنەوەی زستانە بارسا جێبهێڵێت.
❗️ Cesc también piensa en Eric Garcia y Ansu Fati para su Como
✍️ @martinezferran https://t.co/2l7mqP6Q9v
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) January 17, 2025
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردەوە، فابرێگاس حەز بە کارکردن لەگەڵ ئەستێرە لاوەکەی بارسا کە سەردەمانێک بە لیۆنێل مێسی نوێی دادەنرا دەکات و پێی وایە دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی تیپەکەی، هەروەها داوای لە بەڕێوەبەرانی کۆمۆ کردوە بە زووترین کات هەنگاو بنێن بۆ گرێبەست کردن لەگەڵیدا. جگە لەوەش فابرێگاس زۆر ئارەزووی گواستنەوەی ئێریک گارسیا دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دەگوترێت سیڤییا و ریال بیتیس بەجدی هەوڵی گواستنەوەی فاتی دەدەن بە شێوەی خواستن لە بارسیلۆنا دەدەن، تەنانەت ئۆفەریشیان پێشکەش کردووە و چاوەڕێی وەڵام دەکەن.