چی لەبارەی دۆخی ئێستای مارکوس راشفۆرد دەزانین؟
راشفۆرد لەگەڵ تیمەکەی گەشتی لەندەنی نەکردووە
یاریگا –
مارکوس راشفۆرد لەگەڵ یانەکەی گەشتی لەندەنی نەکردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، مانچێستەر یونایتد لە یاریگای ئیماڕات رووبەڕووی ئارسیناڵ ببێتەوە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، راشفۆرد لەگەڵ کەتیبەکەی روبن ئامۆریم گەشتی لەندەنی نەکردووە.
راشفۆرد یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی بازاڕی گواستنەوەی ئەم زستانە و لەلایەن چەندین یانەوە چاودێری دەکرێت.
پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی راشفۆرد لە ئیتاڵیا لەگەڵ نوێنەری یانە ئیتاڵییەکان کۆبووەتەوە و ئەیسی میلان لە هەمووان جیدیترە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس روونیکردووەتەوە، مان یونایتد لەسەر چوونە دەرەوەی راشفۆرد بە خواستن تاوەکو کۆتایی وەرز رازییە، بەڵام گواستنەوەی یاریزانێک بۆ شوێنی ئەو، پەیوەستە بە دەرچوونی یاریزانانەوە.
مان یونایتد ئامادەیە نیوەی مووچەی راشفۆرد تاوەکو کۆتایی ئەم وەرزە خەرجبکات.
لەلایەکی دیکەوە، وێستهام تونایتد دوا یانەیە بۆ گواستنەوەی راشفۆرد هاتبێتە سەرهێڵ، ئەمەش دوای دەستبەکاربوونی گراهام پۆتەر، وەکو راهێنەری نوێی یانەکە.
کێ دەبێتە شوێنگرەویە راشفۆرد؟
هەفتەی رابردوو، مانچێستەر یونایتد بە فەرمی پرسیاری دۆخی رانداڵ کۆلۆ موانێی لە پاریس سانجێرمان کردووە، ئێستا هەردوولا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن.
لە هاوینی ساڵی 2023دا، موانی زۆر لە مان یونایتد نزیکبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئێریک تێن هاخ، راهێنەری ئەوکاتەی مان یونایتد، بڕیاری گواستنەوەی راسموس هۆیلووندی دا.
پێدەچێت جارێکی دیکە موانی بەردەستبێت، چونکە لەم وەرزەدا تەنیا لە دوو یاریدا سەرەکی بووە و پاریس ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکان بگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، پاریس دەیەوێت بە یەکجاری دەستبەرداری موانی بێت، یاخود هەرهیچ نەبێت، سەرەتا بە خواستن بێت، بەڵام بڕگەی گواستنەوەی هەمیشەیی لە گرێبەستەکەدا جێگیر بکەن.
مان یونایتد رکابەری هەریەکە لە تۆتنهام، یوڤێنتوس و ئەیسی میلان لەسەر موانی دەکات.
کۆلۆ موانی لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە ئێنتراخت فڕانکفورتەوە پەیوەندی بە پاریس کرد و گرێبەستێکی تاوەکو ساڵی 2028 لە پاریس واژۆکردووە، بەڵام لەم وەرزەدا بەشدارییەکانی سنووردارن.
کۆلۆ موانی لە ئەڵمانیا، لە کۆی 46 یاریدا 23 گۆڵی کردبوو. بەڵام موانی لە وەرزی یەکەمیدا لە پارک دۆ پرێنس، لە کۆی 26 یاریی لیگ وەندا تەنیا شەش گۆڵی کرد. لەم وەرزەشدا بەشداری لە 14 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە و تەنیا دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە.
موانی لە هاوینی ساڵی 2022 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە نانتی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە فڕانکفورت کرد.
کۆلۆ موانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا 27 یاریی کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵە.