وێڕای بە دەستهێنانی خاڵێکی گرنگ چوارقوڕنە بێ سەرکەوتن خولی نایابی کوردستان بەڕێدەکات
لە هەولێر سیروانی نوێ ریمۆنتادای بە سەر یانەی میواندار کرد
یاریگا –
لە پیرمام یانەی چوارقوڕنە خاڵێکی گرنگی بە دەستهێنا و تا ئێستاش تامی سەرکەوتنی نەکردووە لە خولی نایابی کوردستان.
لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان، پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگای خۆی رووبەرووی چوارقوڕنە بوویەوە و یارییەکەش بە ئەنجامی 1 _ 1 کۆتایی هات، چوارقوڕنە خاڵێکی گرنگی بە دەستهێنا بەڵام یانەکە تا ئێستا لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە، لە کۆی نۆ یاریی پێنج یەکسان بوون و چوار شکستی هەیە.
سیروانی نوێ لە هەولێر و تایبەت لە یاریگای برایەتی ریمۆنتادای بە سەر یانەی میوانداردا کرد، برایەتی تا خولەکی 89 بە گۆڵێک لە پێش بوو، لە سێ خولەک سیروانی نوێ ریمۆنتادای کرد و دوو گۆڵیان تۆمار کرد، بەم سەرکەوتنە سیروانی نوێ لە ریزبەندی هەشتەمەوە هاتە ریزبەندی چوارەم.
شێروانە بەردەوامە لە پارێزگاریکردن لە ریزبەندی یەکەم و لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 1 _ 0 لە ئاکرێی بردەوە، لە یاریگای نێودەوڵەتی زاخۆش هەر دوو یانەی زاخۆ و دەربەندیخان 2 _ 2 یەکسان بوون.
دوای 10 گەڕ لە یارییەکانی خولی نایابی کوردستان، فەرحان شکور بە تۆمارکردنی نۆ گۆڵ گۆڵکاری خولەکەیە و محەمەد خەلیل بە حەفت گۆڵ لە ریزبەندی دووەم دێت.
ریزبەندی یانەکانی خولی نایابی کوردستان