یاریزانانی ریال مەدرید کاتی خەوتنیان لێ تێکچووە و دەڵێن: خۆ ئێمە شەمشەمەکوێر نین
زۆربەی یارییەکانی ریال مەدرید لە دەرەوەی یاریگای خۆیان لەم وەرزە درەنگی شەو بوون
یاریگا –
یاریزانانی ریال مەدرید کاتی خەویان لێ تێکچووە و رەخنە لە کاتی خشتەی یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆیان دەگرن و داوا دەکەن ‘یارییەکان زووتر بکرێن’.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە راپۆرتێکیدا لە ژێر ناونیشانی ‘پیاوانی شەو’ ئاشکرایکردووە، زۆربەی یارییەکانی ریال مەدرید لەم وەرزەی لالیگا لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە شەودا بوون، لەکۆی ئەو 13 یارییەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بوون، 11 یاریی ریال مەدرید لەدوای کاتژمێر 09:00ـی شەو بە کاتی مەدرید بوون.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لێدوانی کەسێکی لەناو ریال مەدرید بڵاوکردووەتەوە بەبێ ئەوەی ناوەکەی ئاشکرا بکات، کە ئەو کەسە گلەیی لە کاتی خشتەی یارییەکانی دەرەوەی یارییەکانی یانەکەی دەکات و دەڵێت :’بێزار بووین لە زۆربەی یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆمان کاتژمێر سێی شەو دەگەینە ماڵەوە، کەچی دەبێت رۆژی دواتر بە شێوەیەکی ئاسایی بچینە مەشق و راهێنانەکان، خشتەی یارییەکان زۆر ئاڵۆزن و ماوەی پشوودانمان زۆر کەمە، ئێمە هەرچەند هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین، بەڵام ناتوانین’.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئاشکرایکردووە، زۆربەی یاریزانانی ریال مەدرید بەهۆی کاتی خشتەی یارییەکانی لالیگا کاتی خەوتنیان لێ تێکچووە، ئەمەش کارلۆ ئەنچیلۆتی تووڕە کردووە و لە درەنگ خەوتنی یاریزانەکانی نیگەرانە، یاریزانەکانی ریال مەدرید وەکو شەمشەمەکوێرە زۆربەی یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆیان بە شەو دەکەن، ئەم بابەتە سەرەتا وەکو گاڵتە و گەپێک لەنێو یاریزانەکانی یانەکە قسەی لەسەر دەکرا، بەڵام ئێستا بە تەواوەتی یاریزانەکان لەم دیاردەیە نیگەرانن.
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاشکراشیکردووە، ریال مەدرید بەنیازە بە نووسراوی فەرمی داوا لە کۆمەڵەی لالیگا بکات لە کاتی دانانی خشتەی یارییەکانی قۆناخی دووەمی خولەکە رەچاوی کاتی یارییەکانی یانەکەیان بکات، کە دوای تەواوبوونی پشووی سەری ساڵ ریال مەدرید لە یەکەم یاریی دەرەوەی یاریگای خۆی رۆژی 3ـی مانگی داهاتوو لە یاریگای مێستایا دەبێتە میوانی ڤالێنسیا.
ریال مەدرید یەکەم کەس نییە گلەیی لە درەنگی کاتی یارییەکانی بکات
یاریزانانی ریال مەدرید یەکەم کەس نین، رەخنە لە درەنگی کاتی یارییەکانیان بکەن، پێشتر ئالێکساندەر زڤێرێڤ تێنسزانی ئەڵمانیش رەخنەی لە درەنگی کاتی یارییەکانی کردبوو.
زڤێرێڤ گلەیی لەوە کردبوو، بەشێک لە یارییە گرنگ و گەورەکانی دەخرێتە کاتێکی درەنگی شەو، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تاوەکو کاتژمێر چواری بەرەبەیان بە ئاگا بێت و کاتی خەوتنی تێک دەچێت.
تێنسزانە ئەڵمانییەکە کە پۆلێنی دووەمی باشترین تێنسزانانی جیهانی گرتبوو، لەبارەی درەنگی کاتی یارییەکانی گوتی :’لە هەندێک یارییدا لەبەر ئەوەی درەنگ یاریی دەکەین، بەهۆی رۆتینی چەند مەشقێکی سووکی دوای یارییەکان و چارەسەری سرووشتی و خواردن، تاوەکو کاتژمێر چواری بەرەبەیان ئینجا دەچینە ناو جێگای خەوتن’.