یاریگا –
لە یارییەکی دواخراوی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز بە کۆمەڵێک کێشەوە رووبەرووی قوە جەوییە دەبێتەوە.
هەینی ( 20ـی دیسێمبەری 2024 ) نەورۆز لە یارییەکی دواخراوی گەڕی هەشتەمی خولەکە لە یاریگای شەعب کاتژمێر 6ـی شەو بەرامبەر قوە جەوییە یاریی دەکات، ئەم یارییە یەکەم یاریی قەحتان جسیر راهێنەری نوێی نەورۆز دەبێت لەگەڵ یانەکە.
نەورۆز بۆ یارییەکەی بەرامبەر جەویە بە هۆی پێکانەوە لە توانای پێنج یاریزانی بێبەش دەبێت کە ئەوانیش ئینترێس گی و موعین ئەحمەد و هاوکار جەمال و ئیفیانی ئیفیانی و عیماد عیسای گۆڵپارێزن.
تا ئێستا نەورۆز و قوە جەوییە شەش یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، نەورۆز لە یەک یاریی براوە بووە و قوە جەوییەش پێنج یاریی بردۆتەوە و هیچ یەکسان بوونێکیان نیە.
سوور پۆشانی سلێمانی لە نۆ یاریی هەشت خاڵیان هەیە و لە ریزبەندی 18ـم دێن، جەوییە بە راهێنەرایەتی لوئەی سەڵاح لە نۆ یاریی 21 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.