هەموو شتێک بزانە؛ جیاوازی نێوان یونیفای لیگ و سوپەرلیگ چییە و ئەمجارە سەردەگرێت؟
کۆمپانیای A22 هەڵەکانی پڕۆژەی سوپەرلیگی راستکردووەتەوە و کۆمەڵێک بیرۆکەی نوێی داڕێشتووە
یاریگا –
دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کۆمپانیای A22ی وەرزشی کە بارەگای سەرەکی لە مەدرید، پایتەختی ئیسپانیایە، شێواز و فۆڕماتی سوپەرلیگی ئاشکراکرد.
پلانی کۆمانیاکە لە ساڵی 2021 دەستیپێکرد، ئەوکاتە بیرۆکەکە بریتیبوو لە دروستکردنی پاڵەوانیەتییەک بۆ 20 یانە، بەڵام بە بوونی 15 یانەی هەمیشەیی، بەڵام لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو، تەواوی فۆڕماتی پاڵەوانیەتییەکەیان گۆڕی و ژمارەی یانە بەشداربووەکانیان بۆ 64 زیادکرد.
بەڵام دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر بیرۆکەکەیان، ئەمجارە شێوازێکی نوێیان ئامادەکردووە و ژمارەی یانە بەشداربووەکانی بۆ 96 زیادکردووە و یانەکان تەنیا بە پشتبەستن بە ئەنجامی خولەکانی ناوخۆیی وڵاتەکانیان، دەتوانن بەشداری لە پاڵەوانیەتییەکەدا بکەن.
پڕوپۆزەڵی نوێی پاڵەوانیەتییەکە بە ناوی یونیفای لیگ ‘Unify League’ کراوە. بە شێوەیەکی سەرەکی پاڵەوانیەتییەکە بەسەر چوار خولی جیاواز دابەش دەکرێت؛
- ستار/ئەستێرە
- گۆڵد/زێڕ
- بلوو/شین
- یونیەن/یەکگرتن
16 یانە بەشداری خولی ئەستێرە/ستار و گۆڵد/زێر دەکەن، بەڵام 64 یانە دەچنە خولەکانی بلوو و یونیەن. چەندین وردەکاری دیکەش لە پاڵەوانیەتییەکەدا هەبوون، بەڵام هەرزوو فیفا و یوێفا تەواوی فۆڕماتەکەیان رەتکردەوە.
کۆمپانیای A22 پێی وایە، دەستەکانی بەڕێوەبەری تۆپی پێ، هیچ بژاردەیەکیان جگە لە پێدانی رەزامەندی لەسەر دەستپێکردنی خولە تایبەتەکەیان نییە. کۆمپانیاکە پشتی بەبڕیاری دادگای دادوەری ئەوروپی بەستووە، کاتێک لە دیسێمبەر/کانوونی ساڵی رابردوو، وەڵامی فیفا و یوێفا بە نادروست و پێچەوانەی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپا لەقەڵەمدا.
پێش بڕیارەکە، فیفا و یوێفا هەڕەشەی دوورخستنەوەی هەر 12 یانەی بەشداربووی سوپەرلیگی لە پاڵەوانیەتییەکانی کردبوو، ئەمەش بووە هۆی کشانەوەی تەواوی یانەکان لە پڕۆژەکە، جگە لە ریال مەدرید و بارسێلۆنا.
باشە ئەمجارە چی جیاوازە؟
کۆمپانیای A22 گەشبینە بەوەی، پڕوپۆزەڵی ئەمجارەیان رەزامەندی وەردەگرێت و تەواوی رەخنەکانی پڕۆژەی رابردووی نەهێشتووە، لە سەرووی هەمووییەوە، هاوشێوەی پاڵەوانیەتییەکانی ئێستای یوێفا، یانە بەشداربووەکان لە یونیفای لیگ، بە پشتبەستن بە ئەنجامەکانی خولی ناوخۆیی بەشداری دەکەن.
پڕۆژەی یونیفای لیگ بڕەگەیەکی سەرنجڕاکێشی بۆ خولەکە زیادکردووە، ئەویش بەشداریکردنی یەکێتییەکانی تۆپی پێی وڵاتانی ئەندامە لە پاڵەوانیەتییەکە، پێچەوانەی مۆدێڵی ئێستای چامپیۆنزلیگ، یۆرۆپالیگ و کۆنفرانس لیگ، کە یوێفا بە بێ گەڕانەوە بۆ یەکێتییەکان سەرپەرشتی دەکات.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی یونیفای لیگ، پەخشکردنی یارییەکانە بەخۆڕایی، ئەمەش بەلای هاندەرانەوە زۆر گرنگە. فیفا بۆ هەڵگەڕاندنەوەی مێز بەسەر کۆمپانیای A22، گرێبەستێکی بۆ گواستنەوەی یارییەکانی جامی یانەکانی وەرزی داهاتوو بەخۆڕایی لەگەڵ پلاتفۆڕمی دازن کردووە.
ئایا ئەمجارە یانەکان بەشداری یونیفای لیگ دەکەن؟
بێرند ریچارت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای A22 لە دوای راگەیاندنی یونیفای لیگ روونیکردەوە
خەریکی گفتوگۆین لەگەڵ 96 یانە و پێشنیازەکانی خۆمان باسکردووە. پێمان وایە گرنگ نییە بە ئاشکرا پاڵپشتی پڕۆژەکەمان بکەن و ئێمە بە تەواوی پابەندی نهێنییەکان دەبین. هیچ یانەیەکی جێگیر لە پاڵەوانیەتییەکەدا نابێت، جگە لەبراوەکان نەبێت.
لەبارەی وادەی دەستپێکردنی خولی یونیفای، ریچارت دەڵێت
وەرزی داهاتوو زۆر زووە پاڵەوانیەتییەکە دەستپێبکرێت. بەڵام بۆ ساڵی داهاتوو، تەواوی ئامادەکارییەکان دەکەین.
کاردانەوەکان چین؟
کاردانەوەی ئەمجارەی لالیگا، کە یەکێکە لە سەرسەختترین بەرهەڵستکارانی سوپەرلیگ، بە توندی وەڵامی دایەوە.
لە بەیاننامەیەکدا لالیگا رایگەیاند
پڕوپۆزەڵە نوێیەکە هەڕەشە لەسەر حوکمڕانی تۆپی پێی ئەوروپی دروست دەکات، چونکە پڕوپۆزەڵەکە وای پیشان دەدات، یانە گەورەکان قازانجی سەرەکی دەکەن و ئابووری خولەکانی ناوخۆیی لەنێو دەبات.
پڕۆژەکە پاڵپشتی یانە، یەکێتییەکان، یاریزانان، هاندەران و دامەزراوەکانی وەرزشی نییە.
تاوەکو ئێستا کۆمەڵەی خولی ئینگلیزی بە فەرمی وەڵامی پڕۆژەکەی نەداوەتەوە، بەڵام تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار روونیکردووەتەوە، ژمارەیەکی کەمی یانە ئامادەییان بۆ بەشداریکردنی لە پڕۆژەکە پیشانداوە و لە داهاتەکانی دارایی دڵنیانین.