پاولۆ دیبالا رۆما جێدەهێڵێت؟ دوایین زانیارییەکانی یاریگا لەسەر ‘لا جۆیا’
تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی زانیارییەکان لەبارەی داهاتووی دیبالا دەخاتەڕوو
یاریگا –
پاولۆ دیبالا نزیکە لەوەی رێچکەی کاروانی وەرزشی خۆی بەتەواوی بگۆڕێت و لەوانەیە رووگەی داهاتووی تورکیا بێت.
هێرشبەری ئەرجەنتینی لە هاوینی ساڵی 2022 لە گواستنەوەیەکی ئازاددا، پەیوەندی بە رۆما کرد و خۆی وەکو یەکێک لە کلیلە سەرەکییەکانی یانەکە پیشاندا.
گرێبەستی دیبالا لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت و چارەنووسی لە پایتەختی رۆمەکان یەکلایینەکراوەتەوە. گاڵاتەسەڕای، پێشەنگی سوپەرلیگی تورکیا، گرنگی بە یاریزانەکە داوە، بە تایبەت دوای تووشبوونی ماورۆ ئیکاردی بە پێکان.
کارلۆس نۆڤێل، بەڕێوەبەری کارەکانی دیبالا لە چەند رۆژی رابردوودا، سەردانی ئیستانبووڵی کردبوو و ئامادەی یاریی نێوان گاڵاتەسەڕای و ترابزۆن سپۆر بوو، ئەمەش گومانەکانی گواستنەوەی دیبالای بۆ گاڵاتەسەڕای زیادکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی کۆرێرێ دێلۆ سپۆرت، گاڵاتەسەڕای ئامادەیە ساڵانە بڕی 10 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچە بە دیبالا بدات.
هەڵوێستی رۆما لەسەر داهاتووی دیبالا
کلاودیۆ رانیێری، راهێنەری رۆما دووپاتیکردووەتەوە، حەز بە مانەوەی دیبالا دەکات، بەڵام نایەوێت رێگە لە ئارەزووی یاریزانەکەش بگرێت. هەرچەندە رۆما لەوانەیە بیر لە فرۆشتنی دیبالا لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا بکاتەوە، چونکە لە هاوینی داهاتوو، دەبێتە یاریزانێکی بێبەرامبەر.
دیبالا دەیەوێت مووچەی ساڵانەی لە گاڵاتەسەڕای بکاتە 15 ملیۆن یۆرۆ و بە گواستنەوەی ‘لا جۆیا’ بۆ سوپەرلیگی تورکیا، ئەوا دەبێتە ئەستێرەیەکی دیکەی خولەکە شان بەشانی ڤیکتۆر ئۆسیمین و درێیس مێرتێنس.