هەموو شتێک بزانە؛ پلانی میلان بۆ هێشتنەوەی ئەستێرەکانی چییە؟
رۆسۆنێری سەخی بووە
یاریگا –
ئەیسی میلان مووچەی تیجانی رێندەرس بۆ دوو ئەوەندە بەرزدەکاتەوە و دەیهێڵێتەوە.
رێندەرس یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی ئەم وەرزەی میلان و دەمێکە گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستیپێکردووە. پێگەی کالچیۆ مێرکاتۆ بڵاویکردووەتەوە، ئەیسی میلان رازیبووە مووچەی رێندەرس دوو ئەوەندە لێبکات و گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2029 نوێبکاتەوە.
ئاست بەرزی رێندەرس لەگەڵ تیمەکەی پاولۆ فۆنسێکا، سەرنجی یانەکانی مانچێستەر سیتی و تۆتنهامی راکێشابوو، بۆیە میلان زوو هەوڵەکانی بۆ هێشتنەوەی دەستپێکرد.
مووچەی ساڵانەی ئێستای رێندەرس 1.7 ملیۆن یۆریە، بەڵام لە گرێبەستی نوێدا، مووچەی ساڵانەی دەبێتە 3.5 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ پاداشتەکان.
جیا لە رێندەرس، میلان کار لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی هەریەکە لە کریستیان پولیسیچ و تیۆ هێرناندێز دەکات. پێشتر سکای سپۆرت ئیتاڵیا بڵاویکردبووەوە، هێرناندێز لەگەڵ جۆرجیۆ فورلانی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری میلان کۆبووەتەوە و لەسەر وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی رێککەوتوون.