یاریگا –
راهێنەری هەولێر باس لە ئامادەکاری تیپەکەی دەکات بۆ یارییەکەی بەرامبەر کارەبا و دەڵێت بۆ سەرکەوتن یاریی دەکەین.
لە گەڕی 11ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، چوارشەممە ( 11ـی دیسێمبەری 2024 ) هەولێر لە یاریگای فرانسۆ هەریری کاتژمێر 7:30ـی شەو رووبەرووی کارەبا دەبێتەوە، لە دوو یاریی رابردوودا هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنی بە دەست نەهێناو بە خاڵێک لە میسانەوە گەڕایەوە.
سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر سەبارەت بە ئامادەکارییەکان و ئامانجیان بۆ یارییەکەی سبەی گوتی:
لە دوو یاریی رابردوو هەندێ کێشە روویدا کە نەدەبوو تووشمان بێت هەرچەندە ئەوە بووە رابردوو، بەڵام هەر چۆنێک بێت بۆ یارییەکەی سبەی ئامادەین و ئامانجمان سەرکەوتنە لەم یارییە و هیوادارم لە ئاستێکی هونەری بەرزدابین، چونکە سەرکەوتنمان لەم یارییە دەمانگەڕێنێتەوە چوار گۆشەی زێڕینی خولەکە، وێڕای بەهێزی و رێکخراوی تیپی بەرامبەر بەڵام ئێمە لەگەڵ یاریزانان بەڵێنمان داوە سەرکەوین لەم یارییە.
بابۆ هۆکاری یەکسان بوون و شکستیان لە دوو یاریی رابردوو بەرامبەر نەفتی میسان و مینا باس دەکات و گوتی:
لە یاریی مینا لە رووی هونەرییەوە کە باش نەبووین من بەرپرسیارم چونکە رووبەرێکی زۆرمان بە مینادا بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەنە گۆڵی ئێمە، یاریی نەفتی میسانیش هەندێ کێشە هەبوو کە نەدەبوو روویدابا، هەندێ کێشەش بەدەست ئێمە نەبوو.
هەولێر لە 10 یاریی 15 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەم دێت، کارەباش بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم لە نۆ یاریی 14 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 10یـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت و یارییەکی دواخراویشی بەرامبەر شوڕتە هەیە.