یاریگا –
دانیشتنەکانی دادگا بۆ گوێگرتن لە بەڵگەنامەکان و گوتەی هەمووان، سەبارەت بە تۆمەتباربوونی مانچێستەر سیتی بە 115 سەرپێچی یاسایی کۆتایی هات و بەمزووانە دادگا بڕیار دەدات، کە ئەو دادگاییە بە دادگایی سەدە ناوزەد دەکرێت و یەکێکە لە گەورەترین رووداوەکانی یاسایی و وەرزشی.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردووە، پرۆسەی گوێگرتن لە قسە و بەڵگەنامەکان کە رۆژی 16ـی سێپتێمبەر لە هۆڵی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لە لەندەن دەستیپێکرد، کۆتایی هاتووە و بەمزووانە دادگا بڕیاری خۆی دەدات.
مانچێستەر سیتی لەلایەن کۆمەڵەی پرێمەرلیگ بە 115 سەرپێچیکردن لە ماوەی ساڵانی 2008 تاوەکو 2019 تۆمەتبارە، کە زۆربەی سەرپێچییەکان پەیوەستە بە یاسای دارایی خاوێن.
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاشکرایکردووە، لێژنەیەکی دادوەری راسپێردراون بۆ ئەوەی لەبارەی کەیسەکەی مان سیتی بڕیار بدەن، کە ئەو لێژنەیە لە سێ کەس پێکهاتوون و چاوەڕێ دەکرێت پێداچوونەوە بە تەواوی بەڵگەنامە و گوتەی کەسەکان بکەنەوە و لە چەند مانگی داهاتوو بڕیاری کۆتایی بدەن.
ئەگەر تۆمەتەکان لەسەر مان سیتی ساخ ببنەوە، ئەوا پێشبینی دەکرێت یانەکە دابەزێنرێتە چامپیۆنشیپ یان چەند خاڵێکی لێ کەم بکرێتەوە.