یاریگا –
دوو یاریزانە رۆژهەڵاتییەکەی شێروانە لەبارەی هۆکاری رۆیشتنیان قسە بۆ تۆڕی وەرزشی یاریگا دەکەن و راهێنەری شێروانەش وەڵامیان دەداتەوە.
هێمن عەلی و ئاسۆ تەیموور چەند رۆژێکە مەشق و راهێنانەکانی یانەی شێروانەیان بەجێهێشتووە و گەڕاونەتەوە ئێران، کە لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە پەیوەندییان بە یانەکەی کەلار کردبوو، لە سۆشیاڵ میدیا چیرۆک و قسەی جیاواز لەبارەی هۆکاری رۆیشتنی ئەو دوو یاریزانە رۆژهەڵاتییە بڵاوکراوەتەوە، تۆڕی وەرزشی یاریگا بۆ روونکردنەوەی بابەتەکە لێدوانی هەردوولای وەرگرتووە.
هێمن عەلی گۆڵپارێزی یانەی شێروانە لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند :’ئێمە بەهۆی نەگونجانمان لەگەڵ راهێنەر یانەی شێروانەمان بەجێهێشتووە و گەڕاینەتەوە ئێران، ئێمە رێز و سڵاومان بۆ خەڵکی کەلار هەیە و یانەی شێروانە یەکێکە لە باشترین یانەکان، بەڵام لەگەڵ راهێنەری یانەکەمان نەگونجاین، گەرچی لە دەرەوەی یاریگا پیاوێکی زۆر بەڕێزە، بەڵام هەمیشە لەناو یارییەکان ناکۆکیمان لە نێواندا هەبوو’. ئاسۆ تەیمووریش لەبارەی هۆکاری رۆیشتنیان لە یانەی شێروانە دەڵێت :’ئێمە کێشەمان لەگەڵ عادل عەلی راهێنەری یانەکەمان هەبوو، نەک هەر پارەمان نەبردووە، بەڵکو ئێمە شایستەی داراییەکانی خۆشمان بە تەواوەتی وەرنەگرتووە، بەداخەوە کاک عادل لەگەڵ ئێمە راستگۆ نەبوو، بێڕێزی بەرامبەر من و هێمن کەریمی دەکرد’.
هەروەها هێرشبەرە رۆژهەڵاتییەکە دەشڵێت :’دوو جار داوام لە کاپتن عادل کرد لە یانەکە بڕۆم، بەڵام رێگای نەدا و گوتی من پێویستیم بە تۆیە، لە گەڕی دووەم هێمن عەلی لە یاریی بەرامبەر رزگاری لە نیوەی یەکەم تووشی پێکان بوو، نەیدەتوانی رێبکات، کەچی راهێنەری یانەکەمان دەیگوت راست ناکات و گومانی لە پێکانەکەی هەبوو’.
عادل عەلی راهێنەری شێروانە لەبارەی رۆیشتنی دوو هێرشبەرەکەی یانەکەی دەڵێت :’بەداخەوە ئاسۆ تەیموور هەمیشە لە راهێنانەکان و یارییەکان بەرپەرچی منی دەدایەوە و گوێی لە قسەکانی من نەدەگرت، ئەو بووەتە هۆی ئەوەی گۆڵپارێزەکەشمان بڕوات و کاریگەری خراپی لەسەر دروستکردووە، بەڵام ئێمە شاندێکمان ناردووە بۆ ئەوەی هێمن عەلی بگەڕێتەوە یانەکەمان، ئەگەر بەهۆی ئاسۆ تەیموورەوە ببمە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان، هێشتا ئەو هێرشبەرەم ناوێت، بەڵام لە هەوڵداین گۆڵپارێزەکەمان رازی بکەین بگەڕێتەوە یانەکەمان’.
شێروانە دوای تێپەڕبوونی شەش گەڕ بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ پێشەنگی خولی نایابی کوردستان گرتووە، سبەی سێشەممە 14:00 یانە گەرمیانییەکە لە یاریگای خۆی لە کەلار میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات.