ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌گرنگترین

سندووقی گواستنەوەکانی ریال مەدرید؛ کێ دەگوازێتەوە و چارەنووسی رۆدریگۆ چییە؟

تەواوی وردەکارییەکانی بازاڕی گواستنەوەی ریال مەدرید لەم راپۆرتەدا بزانە

Yariga App

یاریگا –

زۆربوونی یاریزانانی پێکراو، وای لە ریال مەدرید کردووە، ئامادەکارییەکانی بۆ بازاری گواستنەوەی زستانە چڕبکاتەوە.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی سەرەکی ریال مەدرید گواستنەوەی یاریزانێکی دڵی بەرگری و بەرگریکارێکی باڵی راستە.

بەر لە تووشبوونی دانی کارڤاخال بە پێکان لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوودا، ریال مەدرید بەدوای یاریزانێکی بەرگریکارێکی باڵی راست دەگەڕا.

لەوانەیە پلانەکەیان بگۆڕن، ئەگەر دەیڤد ئالابا بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و لە ئەگەری شکستهێنانی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەی، ریال مەدرید بەتوندی دەچێتەوە نێو بازاڕی گواستنەوەکان و یاریزانێکی دڵی بەرگری دەگوازێتەوە. گواستنەوەی بەرگریکاری چەپ، لە پلانەکانی ریال مەدریددا نییە.

ریال مەدرید چاودێری چەند یاریزان دەکات؟

ئێستا ئامانجی سەرەکی ریال مەدرید، گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری لیڤەرپوولە کە لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکەی بەسەردەچێت و لە سەرەتای ساڵیشەوە، دەتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێبکات.

تاوەکو ئێستا لیڤەرپوول نەیتوانیوە گرێبەستی ئارنۆڵد نوێبکاتەوە، ئەمەش رەشبینی لای هاندەران دروستکردووە.

ناوی دیکەش لە لیستی ئامانجەکانی ریال مەدریددا هەن، لەوانەیە پێدرۆ پۆرۆ، بەرگریکاری تۆتنهام و جێرێمی فریمپۆنگ، بەرگریکاری بایەر لیڤەرکوزن، هەروەها لە ئیسپانیا باس لە گرنگیپێدانی ریال مەدرید بە تواناکانی خوانلو، بەرگریکاری سێڤییا دەکەن.

بۆ یاریزانانی دڵی بەرگری، ئێمریک لاپۆرت، بەرگریکاری نەسڕی سعوودی یەکێکە لە ئامانجەکانی کارلۆ ئانچێلۆتی، بەڵام لەڕووی داراییەوە، گواستنەوەی لاپۆرت ئاسان نییە.

چەند ناوێکی دیکەش لە لیستەکەدا هەن، ڤیتۆر رێیس، یاریزانی بەهرەمەندی پالمێراس. تۆڕی ئاتلێتیک دووپاتیدەکاتەوە، ریال مەدرید داوایەکی فەرمی پێشکەشکردووە، بەڵام یانە بەڕازیلییەکە وەڵامی کۆتایی داواکەی مەدریدی نەداوەتەوە، چونکە چەند یانەیەکی پرێمەرلیگیش داوایانکردووە. ریال مەدرید ناوی بە کاستێیۆ لوکێبا، بەرگریکاری لایپزیگ بەستراوەتەوە، بەڵام هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش بە یانە ئەڵمانییەکە نەکراوە.

رافا مارین، بەرهەمی ئەکادیمیای ریال مەدرید، یەکێکی دیکەیە لە داواکراوان. رافا بە تەواوی شارەزای یانەکەیە و ئێستا بە کاتێکی ناجێگیر لە ناپۆلی تێدەپەڕێت و بەدەستهێنانی واژۆی کارێکی قورس نییە.

ئاڵفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری چەپی بایرن میونشن یەکێکی دیکەیە لە داواکراوە سەرەکییەکان. بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاتلێتیک بێت، ریال مەدرید و بەڕێوەبەری کارەکانی بەرگریکاری نێودەوڵەتی کەنەدی بە زارەکی لەسەر پاداشتەکان رێککەوتوون، هەرچەندە یانەی دیکەش لە نزیکەوە چاودێری دەکەن.

میگێل گوتیرێز، یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمەکانی ئەکادیمیای ریال مەدرید و لە ساڵی 2022 پەیوەندی بە جیڕۆناوە کرد. بەگوێرەی گرێبەستی نێوان هەردوو یانەکە بێت، ریال مەدرید دەتوانێت بەبڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ، یاریزانەکە بگوازێتەوە.

دوا یاریزانی نێو بازنەی گرنگییەکانی ریال مەدرید، فلۆریان ڤیرتز، ئەستێرەی بایەر لیڤەرکوزنە. هەرچەندە چەندین دەنگۆ لەبارەی گواستنەوەی یاریزانە ئەڵمانییەکە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ هەن، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخی داواکراوی لیڤەرکوزن کە دەگاتە 100 ملیۆن یۆرۆ، ریال مەدرید ناتوانێت بە ئاسانی بیگوازێتەوە.

ریال مەدرید دەیەوێت کێ بفرۆشێت؟

سەرۆکایەتی یانە مەدریدییەکە پێی وایە هیچ پێویستییەک بۆ فرۆشتنی یاریزانان نییە، چونکە لەڕووی داراییەوە دۆخێکی سەقامگیرییان هەیە.

ریال مەدرید ئامادەیە، هەر یاریزانێک هەست بە نیگەرانی بکات، دەست بە گفتوگۆی فرۆشتنی بکات. چونکە دەستەی کارگێڕی بڕوایەکی تەواوییان هەیە، ئەو یاریزانەی لە ریال مەدرید بێت، دەبێ دڵخۆش بێت.

هەرچەندە زۆر باس لە چوونە دەرەوەی رۆدریگۆ لە ریال مەدرید دەکرێت، بەڵام بەگوێرەی قسەی کەسانی نزیک لە ئەستێرە بەڕازیلییەکە بێت، رۆدریگۆ دەیەوێت بۆ وەرزێکی دیکەش لە مەدرید بمێنێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button