بارسێلۆنا پلانێک بۆ گواستنەوەی ڤیكتۆر یۆكێرێش دادەنێت
وەک شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسكی دەیانەوێت
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی پلانێكی تایبەت بۆ گواستنەوەی ڤیكتۆر یۆكێرێشی سویدی و هێرشبەری یانەی سپۆرتینگ لسبۆنی پۆرتوگالی دادەنێت.
یۆكێرێش لە هاوینی ساڵی 2023 لە ریزەكانی كۆڤێنتری سیتیەوە بە بەهای 24 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە سپۆرتینگ لشبۆنەوە كرد.
گرێبەستەكەی یۆكێرێشی سویدی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەكە لە هاونی ساڵی 2028 بەسەردەچێت.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرت، بارسێلۆنا بۆ شوێنگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی بیر لە گرێبەستكردن لەگەڵ ڤیكتۆر یۆكێرێش دەكاتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بارسێلۆنا پێی وایە ڤیكتۆر یۆكێرێش یەكێكە لە باشترین هێرشبەرەكانی جیهان و باشترین شوێنگرەوەی لیڤاندۆڤسكییە و بۆ گواستنەوەشی پلانێكیان داناوە.
لە راپۆرتەكەشدا هاتووە، بارسێلۆنا پلانی هەیە بە بەهای 70 ملیۆن یۆرۆ گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرە سویدیەكە واژۆ بكات و بۆ ماوەی وەرزێک لە یانەكەی خۆی بیهێڵێتەوە.
ئامانجیان لەو كارە ئەوەیە بۆ وەرزی داهاتووش سوود لە تواناكانی لیڤاندۆڤسكی وەربگرن و پاشان لە وەرزی دوای ئەوە یۆكێرێش پەیوەندی بە یانەكەوە بكات.
هێرشبەرە سویدییەكە لەم وەرزەدا لە 18 یاریدا 24 گۆڵی كردووە و چوار گۆڵیشی درووست كردووە.