یاریگا –
ئەنچیلۆتی بڕیارێکی خۆی دەستکاریی دەکات و شوێنی یاریکردنی ئێمباپێ لە یاریی ئەمشەو بەرامبەر لیگانێس دەگۆڕێت.
خۆرخێ پیکۆن لە تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید بڕیاریداوە لە یاریی ئەمشەو بەرامبەر لیگانێس شوێنی یاریکردنی کیلیان ئێمباپێ بگۆڕێت، هێرشبەرە فەڕەنسییەکە ئەمشەو لە شوێنی دڵخوازی خۆی یاریی دەکات و دەچێتە شوێنی ڤینیسیۆس جونیۆر و لە باڵی چەپ دەبێت.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆ رایگەیاندووە، ئەنچیلۆتی بە درێژایی ماوەی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان کاری لەسەر ئەوە کردووە لە یاریی ئەمشەو بەرامبەر لیگانێس لە باڵی چەپ یاریی بە ئێمباپێ بکات، کە ئەم شوێنە دڵخوازی کیلیانە و لە پاریس سانجێرمان لەو شوێنە یاریی دەکرد، راهێنەرەکەی ریال مەدرید دەیەوێت یارمەتی کیلیان بدات بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی کە چوار یارییە لەسەریەک گۆڵی نەکردووە.
ئێمباپێ لەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید لە 16 یاری 8 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە، بەڵام لەوەتەی پەیوەندی بە یانەکە کردووە هاندەرانی یانە مەدریدییەکە داوا دەکەن کیلیان لە باڵی چەپ یاریی بکات و ئەنچیلۆتی دەرفەتی پێبدات، گەرچی کارلۆ یەکلای کردووەتەوە، ڤینی لە باڵی چەپ و کیلیان هێرشبەری سەرەڕم دەبێت، بەڵام دەیەوێت لە هەندێک یاریی گۆڕانکاریی بکات و یارمەتی ئێمباپێ بدات ریتمی خۆی وەربگرێتەوە.
ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی لیگانێس لەبارەی شوێنی یاریکردنی ئێمباپێ گوتی :’شوێنی یاریکردنی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ لەسەر لاکێشەی سەوز جێگیر نییە، دەوەستێتە سەر یارییەکە، هەرگیز ئێمباپێ داوای لێ نەکردووم لە شوێنێکی دیاریکراو یاریی بکات’.