هاوار مەلا محەمەد هێرشی توند دەکاتە سەر یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەی عێراق
یاریگا –
هاوار مەلا محەمەد هێرش دەکاتە سەر یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەی عێراق و دەڵێت ‘درێسی عێراق لە هەندێک یاریزانی ئێستای هەڵبژاردەکە گەورەترە’.
هاوار مەلا محەمەد، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق رەخنەی توند لە یاریزانانی ئێستای هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەگرێت و لە لایڤێکی تیک تۆک لەبارەی دۆخی ئێستای هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 دەڵێت :’درێسی عێراق لە هەندێک یاریزانی ئێستای هەڵبژاردەکە گەورەترە، هەر یاریزانێک بیپۆشێت دەبێت لە ئاستی بەرپرسیارەتیدا بێت، تەنیا راهێنەری بەرپرسیار نییە، بەڵکو یاریزانەکانیش پێویستە لە ئاستی بەرپرسیارەتیدا بن و لە ئاستی پێویستدا نین’.
هەروەها هاوار لە لایڤەکەی تیک تۆک کە لە هەژماری خۆی کردبوویەوە گوتیشی :’دەرفەتی گەیشتن بە مۆندیال هەرگیز وەکو ئەمجارە دووبارە نابێتەوە’.
هاوار لەبارەی دەنگۆی دەستێوەردانی یونس مەحموود لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق گوتی :’ئەستەمە یونس مەحموود دەست لە کاروباری راهێنەر وەربدات، پێویستە تۆزێک ئارام و لەسەرخۆ بین، 500 بەرنامەی تەلەڤزیۆنی و 500 گۆرانیمان گوت، لەسەر هەر شتێک هەللایەکی زۆر دروستکرا، پێویستە لەسەرخۆ بین’.
عێراق لە قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەکەی پلەی سێیەمی گرتووە و لە دوایین یاریی بەبێ گۆڵ لەگەڵ ئوردنی میوانی یەکسان بوو، رۆژی سێشەممە شێرەکانی رافیدەین لە گەڕی شەشەم دەبنە میوانی عومان.