ئامۆریم دوای بردنەوە لە مان سیتی 4-1 : گواردیۆلا زۆر لە من باشترە
روبن ئامۆریم راهێنەری سپۆرتینگ لیشبۆنە بە هاندەرانی مانچێستەر یونایتد دەڵێت بەنیازی ئەوە مەبن هەر لە سەرەتاوە بتوانێت رکابەریی پێپ گواردیۆلا بکات. .
ئامۆریم کۆتا یاری خۆی لەگەڵ سپۆرتینگ بەڕێوەبرد لە یاریگای خۆیاندا و توانی 4-1 شکست بە مانچێستەر سیتییەکەی گواردیۆلا بهێنێت لە خولی پاڵەوانەکان. ناوبراو ئەرکی راهێنەرایەتی مانچێستەر یونایتدی قبوڵ کردووە و هەفتەی ئاییندە پەیوەندی بە یانە تازەکەیەوە دەکات.
ناوبراو پاش سەرکەوتنە مێژووییەکەی شەوی رابردوو وتی
ئەو ئێستا زۆر لە من باشترە، بەڵام بڕوام بە یانە تازەکەم هەیە کە بتوانین سەرکەوتوو بین بەرامبەریان (لەگەڵ مان یونایتد). سەرەتا بە نزمی دەست پێدەکەین و دواتر تیمەکە باشتر دەکەین بە تێپەڕبوونی کات. لە یونایتد دەبێت جیاواز بیربکەینەوە و ئەو ئەزموونەی ئێرە زۆر سوودی نابێت چونکە یاریکردن لەوێ زۆر جیاوازە. هەردوولا دوو یانەی مێژوویین بەڵام زۆر جیاوازن.
تیمەکەی ئامۆریم لە خولی پۆرتوگالی بێ رکابەر یەکەمە و شەوی رابردووش بەو بردنەوەیە سپۆرتینگی گەیاندە پلەی دووهەمی ریزبەندی خولی پاڵەوانەکان بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە چوار یاریدا.