یاریگا –
چارەنووسی شێرکۆ کەریم و ئوسامە رەشید بۆ یاریی داهاتووی هەولێر بەرامبەر زاخۆ یەکلابووەتەوە، کە بەهۆی پێکانەوە لە یانەکەیان دابڕابوون.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، ئوسامە رەشید ناوەڕاستکاری یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق کە لە یاریی بەرامبەر زەوڕا تووشی پێکان بوو، هێشتا بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاک نەبووەتەوە و لە یاریی زاخۆ بێبەش دەبێت و سەمیر بابۆ لەو یارییەش ناتوانێت سوود لە تواناکانی ئەو یاریزانە کەرکووکییە وەربگرێت.
شێرکۆ کەریم دۆخی لە ئوسامە رەشید جیاوازترە، بە تەنیا دەستی بە مەشق و راهێنانەکان کردووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ یارییەکەی پێنجشەممە بەرامبەر زاخۆ بانگهێشت بکرێت، بەڵام لەسەر کورسی یەدەک بێت، کە ئەویش لە یاریی زەوڕا تووشی پێکان بوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەر چەند رۆژێک سەردانی دوبەی کردبوو.
رۆژی پێنجشەممە کاتژمێر 19:45 هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی زاخۆ، دوای ئەو یارییەش یارییەکانی خولەکە بەهۆی یارییە نێودەوڵەتییەکانی فیفا دەوەستێت.