سڵۆت باسی چارەنووسی سەڵاح دەکات
''هیوادارم زۆرترین پۆست لە سۆشیاڵ میدیا بکات''
یاریگا –
ئارنە سڵۆت، راهێنەری لیڤەرپوول وەڵامی پرسیارەکان لەبارەی چارەنووسی محەمەد سەڵاح دەداتەوە.
سەڵاح لە دوای بردنەوەی یاریی رابردوو بەرامبەر برایتن لە پرێمەرلیگ، پۆستێکی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیبووی ”هەرشتێک رووبدات، هەرگیز هەستی گۆڵ کردن لە ئانفیڵد لەیاد ناکەم”.
ئەم پەیامە شاراوەی سەڵاح، هاندەرانی لیڤەرپوولی نیگەرانکردووە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، چونکە گرێبەستەکەی لە کۆتایی ئەم وەرزە بەسەردەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بۆ نوێکردنەوەی نەنراوە، بەمەش لە هاوینی داهاتوودا دەتوانێت بەخۆڕایی پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە بکات.
سڵۆت بەر لە یاریی ئەمشەوی لیڤەرپوول بەرامبەر بایەر لیڤەرکوزن لە چامپیۆنزلیگ دەڵێت
سەیری پۆستەکانی ئینستاگرامی یاریزانەکانم ناکەم، تەنیا قسەیان لەگەڵ دەکەم و ئەمەش شتێکە بۆ من رەخساوە بەڵام بۆ ئێوە (رۆژنامەنووسان) نەڕەخساوە. مۆ بە دۆخێکی زۆر باش تێدەپەڕێت، تاوەکو لە لیڤەرپوول بێت، بەردەوام لە شوێنێکی باشدابووە.
هیوادارم لە دوای یارییەکەی لیڤەرکوزن و ئاستۆن ڤیلاش پۆست بڵاوبکاتەوە و هەمان قسە بکاتەوە. ئەوەی زۆر بەلای منەوە گرنگ بێت، چۆن یاریی دەکات.
سەڵاح لەم وەرزەدا لە کۆی 19 یاریدا حەوت گۆڵی لە پرێمەرلیگ کردووە و خاوەنی پێنج ئەسیستە، بەو واتایەی لە نیوەی گۆڵەکانی لیڤەرپوول بەرپرسە.
جیا لە سەڵاح، چارەنووسی هەریەکە لە ڤیرجیڵ ڤان دایک و ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد یەکلایی نەکراوەتەوە و لە کۆتایی ئەم وەرزە گرێبەستەکانیان بەسەردەچێت.