یاریگا –
مانچێستەر سیتی 170 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ پێشکەش بە ریال مەدرید دەکات.
رۆدریگۆ گۆس تا ئێستاش یەکێکە لە یاریزانە دڵخوازەکانی تیپەکانی پرێمەرلیگ. لیڤەرپوول لە یەک دوو وەرزی رابردوودا زۆرترین ئارەزووی خۆی نیشانداوە و هەوڵیداوە رازی بکات بیگوازێتەوە ریزەکانی. بەڵام رێدز تەنیا نیە و ئێستا مان سیتی بەهەمان شێوە بەدوای هێرشبەرە بەڕازیلییە تەمەن 23 ساڵەکەدا دەگەڕێت.
ماوەیەکە تیپەکەی گواردیۆلا چاودێری رۆدریگۆ دەکات. یاریزانی هێرشبەری پلە یەکیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا گومانی یانەکە لە داهاتووی هالاند وایکردووە بەدوای یاریزانێکی ئەگەری جێگرەوەدا بگەڕێن. هالاند تەواوی میکانیزمی تاکتیکی پێپی گۆڕیوە و لە ئەگەری جیابوونەوەدا، پێپ دووبارە دەبێت تاکتیکی نوێ دابڕێژێتەوە.
ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات و سیتی ئامادەیە پارەی رۆدریگۆ بدات. رۆدریگۆ تا ساڵی 2028 گرێبەستی هەیە و بارودۆخی لە تیپەکەدا جێگیر نییە.
رۆدریگۆ پێش ئەوەی هاتنی کیلیان مباپێ پشتڕاست بکرێتەوە، هەندێک گومانی لەسەر داهاتووی دروستکرد، ئاگاداری ئەوە بوو کە ئەستێرە فەرەنسییەکە دەتوانێت ببێتە مەترسی لەسەر پێکهاتەی سەرەکیی. لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەیزن لە کۆتایی مانگی ئایاردا گوتی:
گرێبەستم لەگەڵ ریال هەیە، بەڵام تۆپی پێ پێشبینی نەکراوە.
ریال دوا قسەی لەسەر گواستنەوەی ڕۆدریگۆ دەبێت و بڕگەی کۆتایی هێنان بە گرێبەستەکەی ئەم یاریزانە بەڕازیلییە یەک ملیار یۆرۆیە. بەهای بازاڕەکەی 110 ملیۆن یۆرۆیە (بەپێی بازاڕی گواستنەوەکان)، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە یاریزانەکە خۆی لە ریال جێگیر کردووە و بەهرەکەی سەلمێنراوە، بەم هۆیەشەوە رەنگە یانە شاهانەکە دەستبەرداری نەبێت. سەرچاوە ئیسپانییەکان نووسیویانە رەنگە سیتی ئۆفەرەکەی بۆ 170 ملیۆن یۆرۆ زیاد بکات، ئەمەش وا دەکات ریال مەدرید زیاتر بیر لەم گواستنەوەیە بکاتەوە. هەموو ئەمانە ئەگەر رۆدریگۆ خۆی داوای جیابوونەوەی نەکردبێت، چونکە لەم حاڵەتەدا ریال رێگری لە جیابوونەوەکە ناکات.