یاریگا –
زاخۆ بەهۆی نمایشەکەی پێش یاریی دێربی بادینان سزا دەدرێت، یارییەکانی دەگوازرێتەوە دەرەوەی یاریگای خۆی.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، ئۆڵتراسی هاندەرانی زاخۆ نمایشی پێش یارییەکەی دێربی بادینانیان کردووە، سەرەتا داوایان کردبوو رێگایان پێبدرێت نمایشەکەیان بکەن، بەڵام لەلایەن دەستەی کارگێڕی یانەکەیانەوە رێگاپێدانیان پێ نەدرابوو، دواتر ئەو هاندەرانە داوایان کردبوو چەند نمایشێکی تایکواندۆ بکەن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، پێشبینی دەکرێت یانەی زاخۆ بەهۆی ئەو نمایشەی هاندەرانی لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراقەوە سزا بدرێت، بە پێبژاردنی بڕێک پارە و گواستنەوەی یارییەک یان چەند یارییەک بۆ دەرەوەی یاریگای خۆی.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی یاریگا، بە رێژەیەکی زۆر یاریی داهاتووی زاخۆ لە یاریگای خۆی لە گەڕی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر هەولێر، بەبێ هاندەران بەڕێوە دەچێت یان دەگوازرێتەوە یاریگایەکی دیکە.
رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو (7ـی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی 2024) یاریی زاخۆ و هەولێر لە گەڕی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت و لە گەڕی داهاتووش زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی رۆژی شەممە دەبێتە میوانی قوە جەوییە.