یاریگا –
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی باس لە بردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن رۆدری و بایكۆتكردنی ئاهەنگی باڵۆن دۆر لەلایەن ریال مەدریدەوە دەكات.
شەوی دووشەممە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتەكانی باڵۆن دۆر بەڕێوە چوو كە تێیدا رۆدری، ئەستێرەی ئیسپانی مانچێستەر سیتی خەڵاتەكەی بردەوە.
لەو مەراسیمەدا بەهۆی نەبردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن ڤینیسیۆسەوە هیچ كەسێك لە ریال مەدرید ئامادە نەبوون.
دوای بردنەوەی باڵۆن دۆر لەلایەن رۆدری، پێپ گوتی:
چی بڵێم؟ سەرەتا، پیرۆزبایی لە خۆی و خانەوەدا و دۆستەکانی دەکەم. ئەمە هەواڵێکی زۆر خۆشە بۆ خۆی، ئێمە، مان سیتی و هاندەرانمان. زۆر شانازی پێوە دەکەین، پێم وایە دەمانتوانی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا ئەمە ببینین، بۆیە زۆر دڵخۆشین هاوبەشی شادییەکەی (رۆدری) ببین.
هیوادارم بتوانین وزەی بۆ چاکبوونەوەی پێبدەین تاوەکو وەرزی داهاتوو جارێکی دیکە لەگەڵمان بێت.
دەربارەی بایكۆتی ریال مەدرید راهینەرەكەی سیتیزن گوتی:
هیچم نییە بیڵێم (لەبارەی بایکۆتی ریال مەدرید) ئەگەر بیانەوێت ئامادەبن، تەواوە ئەگەر ئامادەش نەبن، هەر شتێکی ئاساییە، ئەگەر بیانەوێت پیرۆزبایی بکەن، باشە ئەگەر نەیانەوێت پیرۆزباییش بکەن، هەر ئاساییە.
ئەرکی مانچێستەر سیتی نییە، بڕیار لە جیاتی یانەکانی دیکە بدات.
دەربارەی باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو گواردیۆلا گوتی:
دەبووایە وەرزی رابردوو هالاند خەڵاتەکەی وەرگرتایە، هەروەها دەبووایە مێسیش هاوشێوەی ئەو براوە بووایە، لە کۆتاییدا ئەمە گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە نوێنەرایەتی تۆپی پێی بژاردە بکەیت، چونکە تۆ لەگەڵ هاوتیمەکانت، هاوڕێکانت، شتێکی زۆر باشتان کردووە.
لەوانەیە دواتر خەڵک پێی وابێت، دەبووایە تۆ خەڵاتەکەت وەرگرتایە، ڤینیسۆس خەڵاتەکەی وەرگرتبا؟ لەوانەیە بەڵام 100 رۆژنامەنووس دەنگ دەدەن، کۆمەڵێک خەڵکی دیاریکراو نین، بڕیاربدەن چی دەکەین (رۆژنامەنووسانی) هەموو جیهانن، نەک هی یەک وڵات.
رای جیاواز هەن، بۆیە تۆپی پێ جوانە هەمووان قسە دەکەن، ئەمەش شتێکی باشە، پێم وایە رۆدری گووتارێکی زۆر ناوازەی پێشکەشکرد.
دەربارەی لیۆنێل مێسی و كریستیانۆ رۆناڵدۆ، راهێنەرە ئیسپانیەكە گوتی:
بیرمە سێ یاریزان لە ئەکادیمیای لا ماسیا، بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر پاڵێوران چاڤی و ئینیێستا نەیانتوانی بیبەنەوە، چونکە دێو لەوێ بوو، کەس نەیدەتوانی لە مێسی بباتەوە تەنیا کریستیانۆ نەبێت، بەڵام دەزانی چییە، کریستیانۆ دێو بوو، باوکی دێوەکەش مێسییە.
هەردووکیان لە 20 ساڵی رابردوودا شتێکی زۆر ناوازەیان کرد، دەتوانم بڵێم 15-20 ساڵ رکابەر بوون لەوانەیە چاڤی و ئینیێستا شایەنی بردنەوەی خەڵات بوونایە، بۆیە پێم وایە، ئەوەی تۆپی پێی ئیسپانیا شایەنی بوو رۆدری بەدەستیهێنا.
رۆدری بووە یەكەم یاریزان لە مێژووی مانچێستەر سیتیدا خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.