ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریزبەندی گەورەترین دزییەکانی باڵۆن دۆر لە مێژوودا

راپۆرتێکی تایبەتی تۆڕی وەرزشی یاریگا لەبارەی دزییەکانی سەدەی باڵۆن دۆر

Yariga App

یاریگا –

جیهانی تۆپی پێ، جیهانێکی گەورەی پڕ رووداو و بەرزی و نشێوییە، راستە بەردەوام چاوەڕێی ئەنجامی دادوەرانەی لێدەکرێت، بەڵام هەندێکجار وا دەرناچێت.

خەڵاتی باڵۆن دۆر لە ساڵی 1956ەوە بە باشترینەکان دەدرێت و زۆربەی کاتەکان بە شایستەکان دراوە، بەڵام هەندێکجار شایستەیی نەبووەتە هۆکاری بردنەوە. هەر لە ئالفرێدۆ دی ستێفانۆ بگرە تاوەکو دەگاتە بۆبی چارڵتن، یۆهان کڕۆیف و مارکۆ ڤان باستن.

خەڵاتەکە بە دەنگدانی رۆژنامەنووسانی 100 وڵات (بەگوێرەی ریزبەندی فیفا) دابەش دەکرێت. راستە زۆربەی جارەکان خەڵاتەکە بە شایستەکان دراوە، بەڵام رووداوەکەی دوێنێ شەو و پێدانی باڵۆن دۆر بە رۆدری، جارێکی دیکە، کەیسی نادادپەروەری لە دابەشکردنی خەڵاتەکە زیندووکردەوە.

لە 24 کاتژمێری رابردوودا، هێرشێکی فراوانکراوەتەوە سەر گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ و بە دزینی خەڵاتەکە تۆمەتبار دەکرێت. لەم بابەتەدا دیارترین ئەو رووداوانە باس دەکەین، کە هاوشێوەی رووداوەکانی دابەشکردنی خەڵاتەکانی شەو رابردوو بوون.

7. وێسلی شنایدەر (2010)

دوای پێشکەشکردنی وەرزێکی نائاسایی لەگەڵ بارسێلۆنا، لیۆنێل مێسی بۆ دووەمجار خەڵاتی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا. لە وەرزی 2009-10 مێسی 47 گۆڵ و 12 ئەسیستی هەبوو. بارسا لالیگا و مۆندیالی یانەکانی بەدەستهێنابوو، بەڵام نەیتوانی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت و لە یاریی پێشکۆتایی بە ئینتەر میلانەکەی جۆزێ مۆرینیۆ دۆڕا.

شنایدەر لە یاریی چوونی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، گۆڵێکی لە بارسێلۆنا کرد، لە یاری گەڕانەوەش ئەسیستێکی هەبوو. جیا لەمەش شنایدەر خاوەنی ئەسیستێکی یاریی کۆتایی بەرامبەر بایرن میونشن بوو.

دوور لە چامپیۆنزلیگ، شنایدەر لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆڵەندا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2010 و لە گێمی زیادکراودا بە هەڵبژاردەی ئیسپانیا دۆڕا. شنایدەر بە هاوبەشی گۆڵکاری مۆندیالی 2010ی ئەفریقای باشوور بوو.

ئەوەی جێگەی سەرنجبوو، شنایدەر نەک تەنیا دووەم نەبوو، بەڵکو لە ریزبەندی دوایدا کەوتە دوای چاڤی هێرناندێز و ئاندرێس ئینیێستا. لە دوای ئاشکراکردنی براوەی خەڵاتەکان، ماسیمۆ مۆراتی، سەرۆکی ئەوکاتەی ئینتەر میلان گوتی

بەڕاستی زۆر نادادپەروەرانە بوو. شنایدەر ساڵێکی نموونەیی بەڕێکردووە و هەموو شتێکی بەدەستهێناوە.

6. ئێرلینگ هالاند (2023)

ئاستی لیۆنێل مێسی لە مۆندیالی 2022، وایکرد خەلاتی باڵۆن دۆری 2023ی پێبدرێت. لیۆ لە کۆی 10 یاریی مۆندیالدا، بەشداری لە 10 گۆڵدا کرد و لە کۆتاییدا بووە پاڵەوانی جیهان. لەگەڵ پاریس سانجێرمان 20 گۆڵ و 21 ئەسیستی هەبوو.

بەڵام ئەگەر سەیری ئاستی وەرزی 2022-23 بکەین، هالاند وەرزێکی نموونەیی لەگەڵ مانچێستەر سیتی پێشکەشکرد. لە کۆی 53 یاریدا 52 گۆڵی کرد و سێیانەی مێژوویی لەگەڵ سیتیزنز بەدەستهێنا.

بەشێوەیەکی گشتی هالاند کاریگەری لەسەر ئاست و ئەنجامی کۆتایی مان سیتی هەبوو، کەچی ئەستێرە نەرویجییەکە بووە قوربانی مۆندیالی 2022.

لۆتەر ماتیوس، ئەفسانەی ئەڵمانی لە دوای دابەشکردنی خەڵاتەکە، لێدوانێکی ئاگرینیدا و پڕۆسەکەی بە گاڵتەجاری وەسفکرد.

5. کریستیانۆ رۆناڵدۆ (2018)

رکابەری 10 ساڵەی راستەوخۆی نێوان رۆناڵدۆ و مێسی لە ساڵی 2018 کۆتاییهات، ئەوکاتە لوکا مۆدریچ لە تەمەنی 33 ساڵیدا خەڵاتەکەی بردەوە.

مۆدریچ رۆڵێکی باڵای لە بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید گێڕا، هەروەها یارمەتی هەڵبژاردەی کڕواتیایدا، بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2018 لە رووسیا. بەڵام ئامارەکانی تەنیا بریتیبوون لە تۆمارکردنی سێ گۆڵ و 11 ئەسیست.

رۆناڵدۆ 44 گۆڵی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان کرد، لەوانە 15 گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ کرد. هێرشبەرە پۆرتوگالییەکە هەرگیز باسی خەڵاتەکەی نەکرد، چونکە مۆدریچ هاوتیمی بوو. ئێلما ئاڤێیرۆ، خوشکی رۆناڵدۆ لە سۆشیاڵ میدیا، بێدەنگی شکاند

بەداخەوە هەموو شتێک لەم ژیانە بووەتە رووتین، مافیاکان بە پارە کارەکانیان دەکەن.

4. فڕانک ریبێری (2013)

بایرن میونشن لە وەرزی 2012-13 بووە یەکەم یانەی ئەڵمانی سێ نازناو لە وەرزێکدا بەدەستبهێنێت. میونشن بە جیاوازی 25 خاڵ بووە پاڵەوانی بۆندسلیگا، ئەمەش رووداوێکی نامۆی تۆپی پێی ئەڵمانیا بوو.

هەرچەندە ئەوکاتە تۆماس مولەر، فیلیپ لام و باستیان شڤاینشتایگەر لە لووتکەی ئاستی خۆیاندا بوون، بەڵام فڕانک ریبێری کاریگەری زیاتری لەسەر یانەکە هەبوو. بەدرێژایی وەرزەکە ریبێری بەشداری لە 34 گۆڵی یانەکە لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان کرد. سەرەڕای بردنەوەی نازناوەکان، کەچی پلەی سێیەمی باڵۆن دۆری بەدەستهێنا و کەوتە دوای رۆناڵدۆ و مێسی.

رۆناڵدۆ لەو وەرزەدا 55 گۆڵی لەگەڵ ریال مەدرید کرد، بەڵام هیچ نازناوێکی گەورەی بەدەست نەهێنابوو، کەچی مێسی نەیتوانی رێگری لە بردنەوە مێژووییەکی میونشن بەرامبەر بارسێلۆنا 7-0 (یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ) بگرێت.

ریبێری لە ساڵی 2022 لە دیمانەیەکیدا لەگەڵ گازێتا دێلۆ سپۆرت گوتی

کاتی دەنگدانیان زیادکرد، شتێکی نامۆ روویدا. هەست بە بوونی سیاسەتێک بۆ گۆڕینی بژاردەکان کرد.

3. ڤینیسیۆس جونیۆر (2024)

هەرچەندە تاوەکو چەند کاتژمێرێک بەر لە دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆر، تەواوی بۆچوونەکان بۆ بردنەوەی ڤینیسیۆس بوون.

هەرچەندە رۆدری یەکێکە لە باشترین و یەکلاییکەرەوەترین یاریزانانی مانچێستەر سیتی و رۆڵی لە بردنەوەی پرێمەرلیگ و یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا گێڕا، بەڵام بۆچوونەکان لەگەڵ ڤینی بوون.

ڤینیسیۆس توانی وەرزێکی ناوازە پێشکەش بکات و رکابەری ئێرلینگ هالاند و کیلیان ئێمباپێ بکات. ڤینی لە جامی سوپەری ئیسپانیا هاتریکی لە بارسێلۆنا کرد و ژمارەیەکی زۆری گۆڵ و ئەسیستی لەگەڵ ریال مەدرید هەبوو. رۆڵێکی گەورەی لە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ گێڕا، بۆیە هەموو بۆچوونەکان لەگەڵ ئەودابوون.

هەرچەندە لەگەڵ هەڵبژاردەی بەڕازیل نەیتوانی کۆپا ئەمێریکا بەدەستبهێنێت، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەدەستدانی خەڵاتەکە بۆ بوونی جود بێڵینگهام لە کێبڕکێیەکەدا دەگێڕنەوە، گوایە دەنگی دەنگدەرانی دابەشکردووە.

2. رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی (2020 & 2021)

لیڤا لەگەڵ میونشن لە وەرزی 2019-20 سێ نازناوی بەدەستهێنا و خۆی وەکو یەکێک لە باشترین هێرشبەرانی جیهان پیشاندا، ئەمەش دوای تۆمارکردنی 55 گۆڵ لەسەر ئاستی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان. بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خەڵاتی باڵۆن دۆری لە ئەستێرە پۆڵەندییەکە دزی.

بۆ وەرزی 2020-21 جارێکی دیکە لیڤاندۆڤسکی گڕی لە یاریگاکان بەردا و لە کۆی تەواوی پاڵەوانیەتییەکان، 62 گۆڵی بۆ میونشن کرد.

لیۆنێل مێسی بە جیاوازی 33 خاڵ، خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە و لیڤاندۆڤسکی دووەم بوو. مێسی لەبارەی بردنەوەی خەڵاتەکە گوتی

هەمووان دەزانن و هاوڕان لەسەر ئەوەی لیڤاندۆڤسکی شایەنی خەڵاتی باڵۆن دۆری ساڵی رابردوو بوو. پێم وایە دەبێ فرانس فووتبۆڵ خەڵاتەکەی 2020ت پێبدات، تۆ شایەنی ئەوەی.

لە کۆتاییدا لیڤا باڵۆن دۆری نەبردەوە و تەنیا بووە براوەی خەڵاتی گێرد مولەر، بەو پێیەی زۆرترین گۆڵی کردبوو.

1. تێری هێنری (2003)

لەوانەیە گەورەترین ستەم لە مێژووی دابەشکردنی خەڵاتی باڵۆن دۆر، لە تێری هێنری، ئەفسانەی فەڕەنسا و ئارسیناڵ کرابێت.

هێنری لە وەرزی 2002-23 ئاستێکی بێ وێنەی لەگەڵ ئارسیناڵ پێشکەشکرد و چەندین رێکۆردی نوێی لە پرێمەرلیگ تۆمارکرد. هێنری 24 گۆڵ و 25 ئەسیستی لەگەڵ ئارسیناڵ هەبوو، تاوەکو ئێستا هیچ یاریزانێک نەیتوانیوە ئەم رێکۆردە لە تۆپی پێی ئینگلیزی تۆمار بکات.

ئارسیناڵ لە دوا گەڕەکانی پرێمەرلیگ، رکابەرییەکەی لە بەرژەوەندی مانچێستەر یونایتد لەدەستدا و نەبووە پاڵەوان، بەڵام خەڵاتی باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ و خەڵاتی باشترینی ساڵی ئینگلتەرای بردەوە.

هێنری حەوت گۆڵی لە چامپیۆنزلیگ کرد، بەڵام لە کۆتاییدا خەڵاتی باڵۆن دۆر بە پاڤێڵ نێدڤێد، ئەفسانەی یوڤێنتوس و چیک درا. یوڤێنتوس نازناوی خولی ئیتاڵیای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام بە ئەیسی میلان دۆڕا.

لەسەر ئاستی تاکەکەسی، نێدڤێد بەهیچ شێوەیەک لە هێنری نزیکنەبووەوە، بەڵکو هیچ پێوەرێک بۆ بەراوردکاری لە نێوانیاندا نەبوو.

بابەتی زیاتر

Back to top button