یاریگا –
ئیبراهیم دیازی مەغریبی و ئەستێرەی ریال مەدرید زوتر لەو وادەیە دەگەڕێتەوە، کە بۆی دیاری کرابوو.
دیاز لە 14ـی ئەیلوول لە ماسولکەکانی رانی تووشی پێکان بوو، پێشبینی دەکرا بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریکردن دووربکەوێتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە زووتر لەو وادەیەی بۆی دیاری کرابوو بۆ یاریکردن بگەڕێتەوە.
ماڵپەڕی ریلێڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بە ئەگەرێکی زۆر دیاز لە 2ـی مانگی یازدە و بۆ یارییەکەی بەرامبەر ڤاڵێنسیا لە گەڕی دوازدەیەمی لالیگا بۆ یاریکردن دەگەڕێتەوە، کە مێرێنگی لە مێستایا دەبێتە میوانی شەمشەمە کوێرەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕە ئیسپانییەکە، دیاز سەرەڕای ئەوەی لەسەر چیمەنی یاریگا دەستی بە مەشقەکانی کردووەتەوە، لە ماڵیشەوە لە مەشقکردن بەردەوامە، یاریزانەکە کۆششێکی زۆر دەکات تاوەکو خێراتر لە پێکانەکەی چاک ببێتەوە.
خەونی براهیم بەشداریکردنە لە یاریی کلاسیکۆ، یارییەکە لە 26ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت، بەڵام زەحمەتە بتوانێت بۆ ئەو یارییە ئامادەبێت، هەرچەندە بەتەواوی بێ هیوا نەبووە و لە چەند رۆژی داهاتوو پزیشکەکانی یانەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی دەکەن و ئەوکات بڕیاری کۆتایی دەدەن.
بەڵام رەنگە لە ترسی سەرهەڵنەدانەوەی پێکانەکەی، لۆس بلانکۆس پەلە لە گەڕانەوەی هێرشبەرە مەغریبییەکە نەکات و بۆ یارییەکەی بارسا مەترسی لەسەر دروست نەکەن.
یاریزانە تەمەن 25 ساڵانییەکە لەم وەرزە لە شەش یاریی ریال مەدرید بەشداری کردووە، بەکۆی گشتی 126 خولەک یاریی کردووە، خاوەنی یەک گۆڵ و یەک ئەسیستە.