یاریگا –
ئێلێنا فۆرت، جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا دووپاتیدەکاتەوە، هیچ وادەیەکی دیاریکراوییان بۆ کردنەوەی کامپ نوو نییە.
بەرپرسانی یانە کاتالوونییەکە پێشتر باسییان لە کردنەوەی یاریگاکە بەر لە ساڵی 2025 دەکرد، بەڵام ئاماژەکان پێچەوانەی قسەکانە و لەوانەیە کردنەوەی یاریگاکە بۆ سەرەتای ساڵی داهاتوو دوابخرێت.
کارەکانی فراوانکردنی یاریگای کامپ نو بۆ لەخۆگرتنەوەی 105 هەزار هاندەر بەردەوامن و دەبێتە گەورەترین یاریگای ئەوروپا. پڕۆسەکە لە یۆنیۆ/حوزەیرانی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد.
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بارسێلۆنا هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەبوو، لە ساڵیادی 125 ساڵەی دامەزراندنی بارسێلۆنا (29ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەم)ی ئەمساڵ، یاریگا نوێیەکە بکاتەوە، بەڵام پێدەچێت لە نیوەی دووەمی ئەم وەرزە، یاریگای کامپ نووی نوێ ئامادەبێت.
جێگری سەرۆکی بارسێلۆنا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند
تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کردنەوەی یاریگای نوێ نییە، ناتوانین هیچ بڵێین، بەڵام لەسەر رێچکەیەکی دروستین.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، یاریگای نوێی کامپ نوو لە کۆتایی یەنایەر/کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ئامادە دەبێت و لەوانەیە بۆ یارییەکانی فێبرایەر/شوبات ئامادەبێت.
یەکەم یاریی بارسێلۆنا لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو، بەرامبەر ئالاڤێسە و لەوانەیە ببێتە یەکەم یاریی بارسا لە یاریگای نوێدا.
ئێستا بارسێلۆنا یارییەکانی لە یاریگای لویس کۆمپانیس، کە یاریگایەکی ئۆڵێمپییە دەکات.
هەرچەندە بڕیارە تەواوی کارەکانی نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی کامپ نوو لە ساڵی 2027 تەواوبێت، بەڵام بەش سەرەکییەکان لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ئامادە دەبن.
بارسێلۆنا بە جیاوازی سێ خاڵ لەگەڵ ریال مەدرید لە پێشەنگی لالیگادایە و تاوەکو 20ی ئەم مانگە، هیچ یارییەکی نییە.