ئیسپانیاگرنگترین

بێڵینگهام پێشنیارێکی نوێی پزیشکەکانی یانەکەی رەتدەکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

جود بێڵینگهام نایەوێت بوەستێت و پێشنیارێکی نوێی پزیشکەکانی یانەکەی رەتدەکاتەوە.

شەممەی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی شەشەمی لالیگا ریال مەدرید میوانداری ئیسپانیۆلی کرد و 4-1 یارییەکەی بردەوە.

جود بێڵینگهامی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەکە جارێکی دیکە لە شانی هەستی بە ئازار کرد، ترس و دڵەڕاوکێی خستە دڵی هاندەرانی یانەکەی.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، لەپێناو سەلامەتی یاریزانەکە پزیشکەکانی ریال مەدرید پێشنیاریان کردووە بێڵینگهام بۆ ماوەی سێ بۆ چوار رۆژ پشوو وەربگرێت تاوەکو دووربێت لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.

بەڵام جود پێشنیارەکەی رەتکردووەتەوە، دەیەوێت لە یاریکردن بەردەوامبێت بۆ ئەوەی %100 توانای جەستەیی بۆ بگەڕێتەوە و ئاستی راستەقینەی خۆی پێشکەش بکات، ئەمەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی مانگێک بەهۆی پێکان لە یاریکردن دابڕابوو.

بێڵینگهام لە نۆڤێمبەری 2023 لە شانی چەپی تووشی پێکان بوو، ئەوکات سێ هەفتە لە یاریگاکان دوورکەوتەوە، پزیشکەکان رێنماییان کرد نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، بەڵام ناوەڕاستکارەکەی ریال مەدرید بڕیاریدا تاوەکو ئەم هاوینە لە یاریکردن بەردەوام بێت و دوای یۆرۆ نەشتەرگەریی بۆ بکرێت، کەچی ئەم هاوینەش نەشتەرگەرییەکەی نەکرد.

ریال مەدرید لەم وەرزە بەدەست زنجیرە پێکانێک دەناڵێنێت، دانی کارڤاخال بەهۆی هەستکردن بە ئازار بۆ یاریی داهاتوو بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس پشووی پێدەدرێت، بەڵام بۆ دێربی مەدرید ئامادە دەبێت.

ئالابا و سێبایۆس و براهیم دیازیش پێکانیان هەیە و تاوەکو کاتێکی درێژخایەن ناگەڕێنەوە، ئێدواردۆ کاماڤینگای فەڕەنسیش گەڕاوەتەوە مەشقەکانی یانەکە، بەڵام کاتی گەڕانەوەی بۆ یاریکردن ئاشکرا نەکراوە.

سبەی سێشەممە لە یارییەکانی گەڕی حەوتەمی لالیگا ریال مەدرید میوانداری ئالاڤێس دەکات، پێنج رۆژ دواتریش لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ لە دێربی مەدرید دەبێتە میوانی ئاتلێتیکۆ مەدرید.

بابەتی زیاتر

Back to top button