یاریگا –
جەی زی، گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکی لەوانەیە ببێتە خاوەن پشک لە ئیدارەی نوێی ئێڤەرتن.
جۆن تێکستەر، گەورە کارسازی ئەمریکی کە خاوەنی لیۆنی فەڕەنسی و هاوخاوەنی کریستاڵ پاڵاس و بۆتافۆگۆی بەڕازیلییە، دەیەوێت ببێتە خاوەنی پشکی زۆرینەی ئێڤەرتن.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای هاویندا، تێکستەر ئۆفەرێکی فەرمی بۆ کڕینی ئێڤەرتن پێشکەشکردووە و جەی زی (Jay Z) گۆرانیبێژی ئەمریکیش دەیەوێت ببێتە خاوەن پشک لە یانەکە.
بەگوێرەی گۆڤاری فۆڕبس بێت، سەرمایەی راپەرە 54 ساڵییەکە دەگاتە 2.5 ملیار دۆلار و دەیەوێت لەگەڵ تێکستەر، پشکەکانی ئێڤەرتن بکڕێتەوە.
فەرهاد موشیری، خاوەنی ئێستای ئێڤەرتن نیازی فرۆشتنی یانەکەیان هەیە و بەگوێرەی راپۆرتێکی گاردیان بێت، تێکستەر ئامادەیە لە پێناو کڕینی ئێڤەرتن، تەواوی پشکەکانی خاوەندارێتی کریستال پاڵاس بفرۆشێت.
تیمەکەی شۆن دایچ، وەرزێکی خراپییان لە پرێمەرلیگ دەستپێکردووە و هەر چوار یارییەکەی دۆڕاندووە. ئەمشەو لە قۆناخی سێیەمی جامی کاراباو بەرامبەر ساوسامتن یاریی دەکات.