ئینگلتەراچامپیۆنزلیگگرنگتریننەیشنزلیگ

یوێفا هەڕەشەی دوورخستنەوەی تەواوی یانەکانی پرێمەرلیگ لە چامپیۆنزلیگ دەکات

''پابەند نەبن، تەواوی هەڵبژاردە و یانەکانی ئینگلتەرا دووردەخرێنەوە''

Yariga App

یاریگا –

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا، نامەیەکی هەڕەشەئامێز بۆ ئینگلتەرا دەنێرێت و رەنگە چیدیکە یانەکانی پرێمەرلیگ لە خولەکانی ئەوروپا نەبینین.

رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا هۆشداری داوەتە حکومەتی بەریتانیا، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک دەستوەردان لە کاروباری تۆپی پێ و بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی وەرزشیدا بکەن.

تیۆدۆر تیۆدۆریس، سکرتێری ئەمینداری گشتی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا نامەیەکی بۆ لیزا ناندی، وەزیری کولتووری بەریتانیا ناردووە. لە نامەکەدا بەڕوونی هۆشداری لە دەستوەردانی حکومەت لە بەڕێوەبردنی کاروباری تۆپی پێ کردووە.

یوێفا بەڕوونی لە نامەکەدا بە حکومەتی بەریتانیا راگەیاندووە، بە دەستوەردان لە بەڕێوەبەردنی دامەزراوەکانی تۆپی پێدا، ئینگلتەرا لە تەواوی پاڵەوانیەتییەکان دووردەخرێتەوە. تیۆدۆریس داوایکردووە، ئازادییەکی تەواو بە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەردنی تۆپی پێی ئینگلتەرا بدرێت و حکومەتە نوێیەکە کە لەلایەن پارتی کرێکاران بە سەرۆکایەتی کێر سترامەر پێکهاتووە، نابێ هیچ دەستوەردانێک بکات.

سترامەر چەند پێشنیازێکی بۆ بۆ گۆڕینی شێوازی بەڕێوەبردنی کاروباری تۆپی پێی ئینگلتەرا خستبووەڕوو و لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی دیکە، لە نامەیەکدا ئاڕاستەی شا چارلزی کردووە.

پارتی پارێزگاران و پارتی کرێکاران، کە دوو گەورەترین پارتی بەریتانیان، پێشنیازی دروستکردنی دەستەیەکی رێکخراوەیی سەربەخۆییان کردووە، تاوەکو سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی تۆپی پێی وڵاتەکە بکەن. لە حکومەتی رابردووش بیرۆکەکە خرایەڕوو، بەڵام هیچ پێشڤەچوونێکی بەخۆیەوە نەبینی.

بەگوێرەی پێشنیازەکەی حکومەتی سترامەر بێت، دەستەیەکی سەربەخۆ سەرپەرشتی سیستمی پێدانی مۆڵەت بە یانەکان دەکات، تاوەکو بەباشی کارەکان بەڕێوەببردرێن، لەوانە تاقیکردنەوە بە خاوەن و بەڕێوەبەرانی یانە و پێدانی بۆشاییەکی زۆر بە هاندەران، تاوەکو لە پڕۆسەی دەنگدان بەشداربن.

لە نامەکەی یوێفا بۆ حکومەتی بەریتانیادا هاتووە

ترسێکی زۆرمان هەیە، دەبێ یەکێتیی تۆپی پێی وڵات، کاروباری پەیوەندیدار بە یارییەکە بەڕێوەببات، ئەمەش داواکارییەکی سەرەکی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپایە، بەهیچ شێوەیەک نابێ حکومەت دەستوەردان لە کاروباری تۆپی پێدا بکات. یاسای دیاریکراومان بۆ سەربەخۆیی و شەفافیەتی تۆپی پێ هەیە و سزای دیاریکراویشمان هەیە. بۆیە لە ئەگەری سەرپێچیکردنی یاساکان، سزاکە دوورخستنەوەی ئینگلتەرایە لە ئەندامێتی و دوورخستنەوەی یانەکانە لە پاڵەوانیەتییەکان.

تاوەکو ئێستا حکومەتی بەریتانیا وەڵامی نامەکەی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپای نەداوەتەوە.

مانگی داهاتوو هەڵبژاردەی ئینگلتەرا لە نەیشنزلیگ رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی یۆنان و فینلاند دەبێتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button