کوردستانگرنگترین

رانیە لە خولی نایابی کوردستان دەکشێتەوە

Yariga App

یاریگا –

تا ئێستا بەشداریکردنی رانیە لە خولی نایابی کوردستان یەکلا نەکراوەتەوە و لەوانەیە بەهۆی قەیرانی دارایی یانەکە لە خولەکە بکشێتەوە.

یانەی رانیە تاوەکو ئێستا بەهۆی قەیرانی دارایی هیچ ئامادەکارییەکی بۆ وەرزی نوی نەکردووە و لەوانەیە یانەکەی دەڤەری راپەڕین نەتوانێت بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بکات، کە دوو وەرز لەمەوبەر یانەکە گەیشتە ریزی یانە نایابەکان.

بێستوون ئیبراهیم ئەندامی دەستەی کارگێڕی رانیە لەسەر گرفتەکانی یانەکەی لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند ‘لەوانەیە نەتوانین بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بکەین’.

بە هۆی کێشەی داراییەوە تا ئێستا نەمانتوانیوە هیچ گرێبەستێکی نوێ یاخود نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکانی خۆشمان بکەین، یانەکەمان قەرزی دوو ساڵی رابردووی لە سەر ماوە و تا ئێستاش هیچ بەڵێنێکمان وەرنەگرتووە بۆ هاوکاریکردن، بۆیە تا ئێستا یانەکەمان ناتوانێت بەشداریی وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بکات و ئەگەر کێشەکان بەردەوام بن لە خولەکە دەکشێینەوە، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتووشدا کۆبوونەوەیەکی گشتی لەگەڵ بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی ناوچەکە بکەین و بڕیاری کۆتایی لەم بارەیەوە بدرێت، چونکە دوو ساڵە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی لەسەر ئەرکی خۆیان یانەکە بەڕێوەدەبەن و پارەیەکی زۆریان لە بەڕێوەبردنی یانەکە خەرج کردووەە.

رانیە خاوەن هاندەرێکی زۆرە لە خولی نایابی کوردستان و وەڕزی رابردوو لە یەکەم بەشداریکردنیان لە خولەکە بە راهێنەرایەتی رەفیق سەعید توانیان ریزبەندی چوارەمی خولەکە بەدەست بهێنن.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان بڕیاریداوە رۆژی 7ـی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ئەمساڵ وەرزی نوێی خولی نایابی کوردستان بە بەشداریی 16 یانە دەستپێبکات و ئەم وەرزە چوار یانە بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان دادەبەزن.

بابەتی زیاتر

Back to top button