کاپتنێکی بارسێلۆنا لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو رۆیشتنی لە یانەکە رادەگەیەنێت
یاریگا –
سێرجی رۆبێرتۆ لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو رۆیشتنی لە یانەکە رادەگەیەنێت و بڕیاری کۆتایی خۆی داوە.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، سێرجی رۆبێرتۆ کاپتنی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیاری داوە ریزەکانی یانەکە بەجێبهێڵێت و بڕیاری کۆتایی خۆی داوە، چونکە هانسی فلیک راهێنەری نوێی یانەکە پشتی پێ نابەستێت و لە دەرەوەی بازنەی پلانەکانی ئەو راهێنەرە ئەڵمانییەیە.
فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی ئیتاڵی رایگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری داهاتوو سێرجی رۆبێرتۆ بەفەرمی رۆیشتنی لە یانە کەتەلۆنییەکە رادەگەیەنێت و خەریکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئۆفەرانە دەکات کە پێیگەیشتوون، فیۆرێنتینای ئیتاڵی یەکێکە لەو یانانەی ئۆفەری پێشکەشی یاریزانە ئیسپانییەکە کردووە.
رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرایکردووە، رۆژی سێشەممە رۆبێرتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ماڵئاوایی لە بارسێلۆنا دەکات و لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بلاوگرانا ئەو ناوەڕاستکارە 32 ساڵانە بەڕێ دەکات کە یەکێکە لە رۆڵەکانی یانەکە و لەوەتەی ساڵی 2006 درێسی بارسا دەپۆشێت.