بازاڕی گواستنه‌وه‌عێراقگرنگترین

لە چەند کاتژمێری داهاتوودا یوسف ئەمین دەبێتە یاریزانی وەحدەی سعوودی

هەموو شتێک بۆ واژۆکردنی گرێبەستەکەی تەواو بووە

Yariga App

یاریگا –

لە چەند کاتژمێری داهاتوو یوسف ئەمین بەفەرمی دەبێتە یاریزانی یانەی وەحدەی سعوودی، لە ئیسپانیا لەگەڵ یانە نوێیەکەی دەست بە ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێ دەکات.

ئەمین وەلید باوکی یوسف ئەمین لە لێدوانێکی تایبەتی بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاند، چەند رۆژێکە یوسف لە ئیسپانیایە بۆ ئەوەی رێکارەکانی گواستنەوەی بۆ ریزەکانی یانەی وەحدەی سعوودی تەواو بکات، کە یاریزانە کوردەکەی ئێنتراخت براونشڤیگی ئەڵمانی بۆ ماوەی سێ ساڵ روودەکاتە ریزەکانی یانە سعوودییەکە.

چەند رۆژێکە یوسف ئەمین لە شاری ئەلیکانتێیە، لەوێ لەگەڵ یانەی وەحدەی سعوودی دەست بە ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ دەکات، کە یانە سعوودییەکە لەو شارە دەستی بە ئامادەکاریی کردووە و لەوێ کەمپێکی مەشق و راهێنانی کردووەتەوە.

یوسف ئەمین دوای ئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێراق بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریسی کرد، مانگێک لەمەوبەر لەگەڵ یانەی وەحدەی سعوودی گەیشتە رێککەوتن، بەرامبەر 350 هەزار یۆرۆ لە ئێنتراخت براونشڤیگی ئەڵمانییەوە روودەکاتە یانە سعوودییەکە، لە داهاتووشدا ٪25ـی نرخی گرێبەستەکەی بۆ یانە سعوودییەکە دەبێت.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان، جۆزێف زینباوەر راهێنەری ئەڵمانی یانەی وەحدەی سعوودی داوای گواستنەوەی یاریزانە 20 ساڵانەکەی کردووە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق چاودێری ئاستی یاریزانەکەی کرد، کە یوسف ئەمین لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین لە 8 یاری گۆڵێکی کردووە.

رۆژی 22ـی ئەم مانگە خلوی رۆشنی سعوودی دەستپێدەکات و لە گەڕی یەکەمدا، وەحدە لە یاریگای خۆی میوانداریی ریاز دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button