یاریگا –
مارتن برەیسوەیت، هێرشبەری پێشووی بارسێلۆنا دەیەوێت زۆرینەی پشکەکانی یانەی ئیسپانیۆل بکڕێتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، برەیسوەیت، یاریزانی پێشووی یانەکانی بارسێلۆنا و ئیسپانیۆل، چاوی لە کڕینەوەی زۆربەی پشکەکانی یانە ئیسپانییەکەیە.
برەیسوەیت بە گرێبەستێکی خۆڕایی پەیوەندی بە گرێمیۆ کردووە، ئێستا لەڕێگەی نوێنەرانی خۆیەوە، بۆ کڕینی زۆرینەی پشکەکانی ئیسپانیۆل لەسەرهێڵە.
پەیوەندی نێوان دەستەی کارگێڕی یانەکە و برەیسوەیت زۆر خراپبوو، تەنانەت یاریزانە دانیمارکییەکە تاوەکو تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەکەی لە یانەکە مایەوە و بێبەرامبەر جێیهێشتن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە بێت، برەیسوەیت، دەیەوێت ببێتە خاوەن بڕیاری یەکەمی یانەکە و تۆڵە لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی بکاتەوە.
یاریزانە دانیمارکییەکە دەمێکە بزنسی تایبەتی خۆی هەیە. لەلایەک خەریکی بیناسازی و خانووبەرەیە و لەلایەکی دیکەش، بڕاندێکی جلوبەرگی هەیە.