یاریگا –
سەرکەوتن و لێهاتووییەکانی ریال مەدرید هەسارەی زەوی تێپەڕاندووە و ئاژانسی ئاسمانی ناسا پەنای بردووەتە بەر یانە ئیسپانییەکە و دەیەوێت سوود لە راهێنەری توانای جەستەیی یانەکە وەربگرێت.
رۆژنامەی ئاتلێتیکی ئەمریکی لە راپۆرتێکی ئاشکرایکردووە، ئاژانسی ئاسمانی ناسا دەیەوێت سوود لە بەرنامە و پلانەکانی ئەنتۆنیۆس پینتۆس راهێنەری توانای جەستەیی ریال مەدرید وەربگرێت، بۆ ئەوەی سیستەمێکی تایبەتی خواردن و راهێنانکردن بۆ کارمەندەکانی خۆی لە گەشتەکانیان بۆ بۆشایی ئاسمان دابنێت.
ماڵپەڕی ئاتلێتیک رایگەیاندووە ناسا بانگهێشتی پینتۆسی کردووە بۆ هاوکاری لەگەڵ ئەم رێکخراوە لە پڕۆژەی ناسراو بە ئارتمیس، ئەمە پڕۆژەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە و ئامانجی سەرەکی گەڕاندنەوەی مرۆڤە بۆ سەر رووی مانگ بۆ یەکەمجار لەوەتەی ساڵی 1972.
پینتۆس لەمیانی سەردانەکەی بۆ سنتەری جۆنسۆن لە هیوستن لە ویلایەتی تێکساس، باسی لەوە کردووە کە چۆن شێوازی کارکردنی و شێوازە تایبەتەکانی دەتوانێت یارمەتی ناسا و ئاسمانییەکان بدات لە کاتی ئەرکەکانیاندا تاوەکو لە شێوەی خۆیاندا بمێننەوە، وێنەی سەرنجڕاکێشی ئەو لە ماوەی کارکردنی لەم رێکخراوەدا و تەنانەت ئەزموونی دانیشتنی لە پشت هەندێک ئامێرەوە بڵاوکراوەتەوە.
زۆرێک لە یانە گەورەکانی ئەوروپا وەک مانچێستەر سیتی بەجددی هەوڵیان دەدا لەگەڵ ئەم راهێنەرە بەناوبانگەدا کاربکەن، بەڵام ئەو بڕیاریدا لە ستافی تەکنیکی ریال بەردەوام بێت و یارمەتیان بدات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی زیاتر، بەڵام پێدەچێت ئێستا ئەرکێکی سەرنجڕاکێشی پێسپێردرابێت.