عێراقکوردستانگرنگترین

جۆرڤان ڤیێرا وەکو راهێنەری نوێی نەورۆز بە میدیاکان ناسێنرا

سەرۆکی یانەی نەورۆز: دوو مانگە لەگەڵ جۆرڤان ڤیێرا لەگفتوگۆداین

Yariga App

یاریگا –

جۆرڤان ڤیێرا راهێنەری بەڕازیلی لە سلێمانی وەکو راهێنەری نوێی یانەکە بە میدیاکان ناسێنرا و لە یەکەم لێدوانیدا بەڵێنی بە هاندەرانی یانەکە دا ‘هەرچی لەتوانایدا بێت لەپێناوی سەرخستنی یانەکە بیکات’.

جۆرڤان ڤیڕا کە ئەمڕۆ لە رێگای فڕۆکەخانەی سلێمانی گەیشتە کوردستان، وەکو راهێنەری نوێی نەورۆز دەستبەکار دەبێت و  لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی :’زۆر دڵخۆشم جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە عێراق و لێرە لە یانەی نەورۆز کار دەکەمەوە، هەمووان دەزانن وەرزی رابردوو خولی ئەستێرەکانی عێراق زۆر قورس بوو، پێشبینی دەکەم وەرزی داهاتوو خولەکە قورستریش بێت’.

هەروەها ڤیێرا گوتیشی :’گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە هەموو هەوڵێک بدەین بە باشی و پیشەییانە کاربکەین بۆ ئەوەی ناوی یانەی نەورۆز بە بەرزی بهێڵینەوە، نەورۆز خاوەنی چەند یاریزانێکی ناوازەیە و لە عێراق چەندان یاریزانی نایاب لێرە هەن، من هاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنم’.

لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی یانەی نەورۆز لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە لەبارەی راهێنەری نوێی یانەکەیان گوتی :’دوو مانگە لەگەڵ جۆرڤان ڤیێرا لەگفتوگۆداین بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکەمان بگرێتە ئەستۆ، سێ ساڵی رابردوو بۆ ئێمە زۆر قورس بوو، ئاستەنگێکی زۆر بۆ یانەی نەورۆز دروستکرا، بەڵام بە هەوڵ و دڵسۆزی دەستەی کارگێڕی و هاندەرانمان، یانەکەمان زۆربەی ئاستەنگەکانی تێپەڕاند’.

سەرۆکی یانەی نەورۆز گوتیشی :’سوپاسی یانەی هەولێر دەکەین وەرزی رابردوو کاتێک یاریگامان نەبوو، پشتیوانمان بوون یاریگای فڕانسۆ هەریریان پێداین، بەهۆی نەبوونی یاریگاوە یارییەکانمان لە دەرەوەی یاریگای خۆمان دەکرد، بۆ مانگی 10 یاریگای نوێێ یانەکەمان ئامادە دەبێت و لەگەڵ بەڵێندەری دروستکردنی یاریگاکە قسەمان کردووە و یاریگاکە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر بۆ یاریکردن بەردەست دەبێت، ئێمە دەمانەوێت لە داهاتوودا بەشداریی پاڵەوانێتییەکانی ئاسیا بکەین’.

جۆرڤان ڤیێرا (70 ساڵان) لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا 17 ساڵ لەمەوبەر جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2007ـی بۆ هەڵبژاردەی عێراق بەدەستهێنا، پێشتر راهێنەرایەتی یانەکانی وەحەداتی ئوردنی، ئیسماعیلی میسری، زەمالیکی میسری، کوەیتی کوەیتی، سێپاهان ئەسفەهانی ئێرانی و ئێنبی میسری کردووە.

ساڵی رابردوو ڤیێرا لە عومان راهێنەرایەتی یانەی سیبی عومانی دەکرد و شوێنی نزار مەحروس دەگرێتەوە و لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق راهێنەرایەتی نەورۆز دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button