بارسێلۆنا ئۆفەرێکی نوێ پێشکەش بە دانی ئۆلمۆ دەکات
هەوڵەکان بەردەوامن
یاریگا –
بۆ گواستنەوەی دانی ئۆلمۆ بارسێلۆنا ئۆفەرێکی نوێ پێشکەش بە لایپزیگ دەکات.
رۆژنامەنووسی ئیتالی فابریزیۆ رۆمانۆ بڵاویکردووەتەوە، گفتوگۆی بارسێلۆنا لەگەڵ دانی ئۆلمۆ بەردەوامە، یانە کاتالۆنییەکە ئۆفەرێکی نوێ پێشکەش بە لایپزیگ دەکات، ئێستا ئیدارەی یانەکە گفتوگۆ لەسەر ئۆفەرە نوێیەکە و شێوازی پێشکەشکردنی دەکەن.
رۆمانۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، بارسێلۆنا هێشتا چاوی لەسەر نیکۆ ویلیامسە، بەڵام بژاردەی گواستنەوەی ئۆلمۆش بەچالاکی دەهێڵێتەوە و هەوڵەکانی لەپێناو بەدەستهێنانی یاریزانەکە بەردەوامی پێدەدات.
🚨🔵🔴 Barcelona had new contacts with Dani Olmo’s camp over the weekend and they’re preparing a new proposal to send to RB Leipzig, still discussed internally.
Barça, waiting for Nico Williams decision… but keeping Olmo option active. pic.twitter.com/QtCK2Goyb4
— Fabrizio Romano (@FabrizioRomano) July 29, 2024
ئەمەش لە کاتێکدایە چوار رۆژ لەمەوبەر، رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاشکرایکرد، بۆ گواستنەوەی ئۆلمۆ، بارسێلۆنا یەکەم ئۆفەری خۆی پێشکەش بە لایپزیگ کردووە بەڵام یانە ئەڵمانییەکە ئۆفەرەکەی بەدڵ نەبووە و رەتیکردووەتەوە.
ئۆفەرەکەی بارسێلۆنا پێشکەشکردنی 40 ملیۆن یۆرۆ بووە و پێشنیاریان کردووە ئەو بڕە پارەیەش بە قیست بدەن، جیا لەوە ئامادەن 20 ملیۆن یۆرۆی دیکەش وەک پاداشت بەپێی مەرجەکانی گرێبەستەکە بە یانەکە بدەن. بەڵام ئەڵمانییەکان بەو ئۆفەرە رازی نین و داوای 60 ملیۆن یۆرۆ دەکەن و دەیانەوێت پارەکەش بە یەکجار وەربگرن.
بەڵام ئۆفەری ئەمجارەی کاتالۆنییەکان جیاواز دەبێت و دەیانەوێت ئۆفەرێکی رازیکەر پێشکەشی یانە ئەڵمانییەکە بکەن.