ئۆڵێمپیادی پاریسئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

بۆچی پێرێز بێمنەتە؟ بەهۆی هەڵوێستێکی ریال مەدرید و ئێمباپێ داوا دەکرێت فیفا بڕیارێکی نوێ دەربکات

داوا دەکرێت فیفا دان بە یارییەکانی تۆپی پێ لە ئۆڵێمپیاد بنێت

Yariga App

یاریگا –

بەهۆی هەڵوێستێکی ریال مەدرید و ئێمباپێ داوا دەکرێت فیفا بڕیارێکی نوێ دەربکات، بۆ ئەوەی چیدیکە یانەکان نەتوانن رێگری لە یاریزانەکانیان بکەن بەشداریی یارییەکانی ئۆڵێمپیاد بکەن.

لەبەر ئەوەی یارییەکانی تۆپی پێ لە ئۆڵێمپیاد هێشتا لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانییەوە دانپێدانراو نییە و فیفا سەرپەرشتی پاڵەوانێتی تۆپی پێی ئۆڵێمپیکی هاوینە ناکات، یانەکان دەتوانن رێگری لە بەشداریکردنی یاریزانەکانیان لە ئۆڵێمپیاد بکەن.

رۆژی چوارشەممە پاڵەوانێتی تۆپی پێی پیاوان لە ئۆڵێمپیادی پاریس دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی رێگری یانەکان، چەند یاریزانێکی کەم لەسەر ئاستی ئەستێرە دیارەکانی جیهان بەشداریی دەکەن، لەکاتێکدا بەگوێرەی یاساکانی پاڵەوانێتییەکە، هەر هەڵبژاردەیەک دەتوانێت سێ یاریزانی سەروو 23 ساڵان بانگهێشت بکات.

ریال مەدرید لە ئۆڵێمپیاد کاریگەرتر و بەهێزترە؟

ئەم هاوینە تێری هێنری راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی فڕانسا هەموو هەوڵێکی دا، ریال مەدرید رازی بکات گڵۆپی سەوز بۆ یاریزانە فڕانسییەکانی هەڵبکات بۆ ئەوەی بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس بکەن، بەتایبەتی کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری نوێی یانە مەدریدییەکە، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریال مەدرید رەتیکردەوە رێگا بە هیچ یاریزانێکی یانەکەی بدات بەشداریی ئۆڵێمپیاد بکەن.

یاریی تۆپی پێ لە ئۆڵێمپیاد لە تەواوی پاڵەوانێتییەکانی ژێر سەرپەرشتی فیفا جیاوازترە، یانەکان دەتوانن رێگا بە یاریزانەکانیان نەدەن بەشداریی پاڵەوانێتی تۆپی پێی پیاوان بکەن، بەڵام یانەکان ناتوانن رێگری لە یاریزانەکانیان بکەن، بەبێ هۆکار بەشداریی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی فیفا بکەن.

بەگوێرەی سەرچاوەی میدیا ئیسپانییەکان، سەرەتای ئەم هاوینە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕانسا لە کۆشکی ئێلیزێ چاوی بە فلۆرێنتینۆ پێرێز کەوت و داوای لێکردبوو رێگا بە ئێمباپێ بدات بەشداریی یارییەکانی ئۆڵێمپیادی پاریس بکات، بەڵام سەرۆکی یانە مەدریدییەکە رەتیکردەوە بەهیچ شێوەیەک گڵۆپی سەوز بۆ یاریزانە فڕانسییەکانی یانەکەی هەڵبکات بەشداریی ئۆڵێمپیادی پاریس بکەن.

مێژووی یاریی تۆپی پێ لە ئۆڵێمپیاد

لەوەتەی ساڵی 1900 یاریی تۆپی پێ چووەتە ناو یارییەکانی ئۆڵێمپیاد، جگە لە وەشانەکانی 1896 و 1932 یاریی تۆپی پێ لە سەرجەم وەشانەکانی ئۆڵێمپیکی هاوینە کراوە، لەپێناوی زیاتر گرنگیدان بە جامی جیهانی، لە ئۆڵێمپیادی 1932 یاریی تۆپی پێ بەشێک نەبوو لە یارییەکانی ئۆڵێمپیاد.

سەرەتا فیفا بە هەموو شێوەیەک رێگری لە یاریزانە پیشەگەرەکان دەکرد بەشداریی ئۆڵێمنپیاد بکەن، تاوەکو ئۆڵێمپیکی لۆس ئانجلێس 1984 تەنیا یاریزانانی ئارەزوومەند بەشداریی ئۆڵێمپیکیان دەکرد، لەوکاتەوە رێگا بە یاریزانانی پیشەگەر دەدرێت بەشداریی ئۆڵێمپیاد بکەن.

لە ئۆڵێمپیادی بارسێلۆنا 1992 بڕیاردرا تەنیا رێگا بەو یاریزانانە بدرێت کە تەمەنیان لە ژێر 23 ساڵانە، چوار ساڵ دواتر لە ئۆڵێمپیادی ئاتاڵانتا 1996 بڕیار درا رێگا بە هەر هەڵبژاردەیەک بدرێت سێ یاریزانی سەروو 23 ساڵان بانگهێشتی هەڵبژاردەکەی بکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button