ئیسپانیاگرنگترین

ناساندنی ئێمباپێ؛ ژمارەیەکی پێوانەیی ئامادەبووان و شکاندنی هەموو رێکۆردێک

تەواوی وردەکارییەکانی ناساندنی ئێمباپێ بزانە

Yariga App

یاریگا –

هەوادارانی ریال مەدرید بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ساتی پێشکەشکردنی کیلیان ئێمباپێ، وەک یاریزانی نوێی یانە مەدریدییەکەن.

سبەی سێشەممە، کاتژمێر 13:00 بە کاتی هەولێر، کیلیان لە ئاهەنگێکی گەورەدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ و بە ئامادەبوونی زیاتر لە 80 هەزار کەس دەناسێندرێت.

رۆژنامەی ئاس تەواوی وردەکارییەکانی شێوازی پێشکەشکردنی ئێمباپێیان بڵاوکردووەتەوە، رەنگە قەبارەی ئاهەنگەکە، لە ئاهەنگی ناساندنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، 15 ساڵ پێش ئێستا گەورەتر بێت.

ریال مەدرید لە 1ی ئەم مانگەوە و دوای بە فەرمی تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، ئێمباپێی وەک یاریزانی نوێ ناساند.

هەنگاوەکانی سبەی چۆن دەبن؟

کاتژمێر 11:00 بە کاتی هەولێر، کیلیان ئێمباپێ لە نۆرینگەی سانیتاس، پشکنینی پزیشکی دەکات، هەر لەو نۆرینگەیە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی لووتی دەکرێت و بڕیار لەسەر پێویستی نەشتەرگەری یاخود هەڵوەشاندنەوەی دەدرێت.

دوای پشکنینی پزیشکی، کیلیان دەچێتە ناوەندی مەشقەکانی ڤالدێبێباس و بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز، گرێبەستێک بۆ ماوەی پێنج وەرز لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ دەکات.

کاتژمێر 13:00 بەکاتی هەولێر، ئێمباپێ بە پۆشینی درێسی ژمارەی 9ی ریال مەدرید، لە بێرنابیۆ دەناسێندرێت.

رێڕەوێکی تایبەت لە ژووری جل گۆڕینەوە بۆ ناوەڕاستی یاریگا دروستکراوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی لەسەر رێڕەوەکە، یاری ئاگرین دەستپێدەکات و گروپێکی تایبەتی میوزیک، ئاهەنگەکە دەستپێدەکەن.

شێوازی ناساندنی کیلیان ئێمباپێ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ

دواتر کیلیان گوتەی خۆی بە ئامادەبوونی پێرێز و زینەدین زیدان، ئەفسانەی فەرەنسا و ریال مەدرید پێشکەش دەکات.

تەواوی ئاهەنگەکە بەشێوەی پانۆڕامی 360 پلە لە بنمیچی سانتیاگۆ پەخش دەکرێت، ئەمەش پێشهاتێکی ناوازەیە لە مێژووی پێشکەشکردنی یاریزانان.

مشتومڕەکانی سەر بلیتی ئامادەبوون لە ئاهەنگەکە

پێنجشەممەی رابردوو، دەست بە دابەشکردنی بلیتەکانی ئامادەبوون لە ئاهەنگی ناساندنی ئێمباپێ کرا و دوای چەند کاتژمێرێک، تەواوی بلیتەکان بەردەست نەمان. سەرەڕای ئەوەی تەنیا ئەندامانی فەرمی یانەکە مافی بەدەستهێنانی بلیتەکانیان هەبوو، کەچی زیاتر لە 100 هەزار ئەندامی فەرمی یانە، داوای بلیتییان پێشکەشی یانەکە کردبوو.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە تەواوی بلیتەکان بەخۆڕایی بوون، کەچی هەندێک وێبسایت، بلیتەکانی دەستی دووی بۆ فرۆشتن خستووەتەڕوو و نرخەکەی دەگاتە 100 یۆرۆ.

کەی ئێمباپێ مەشقەکان دەستپێدەکات

دوای بەسەربردنی پشووی هاوینە، پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو، کیلیان پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدرید بکات و بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشداری لە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئەوروپا بەرامبەر ئاتاڵانتا (14ی مانگی داهاتوو) دەبێت، بەڵام ئامادەبوونی بە باری جەستەییەوە پەیوەستە.

بابەتی زیاتر

Back to top button