کۆپا ئەمێریکا 2024

مێسی و رۆناڵدۆ: چارەنووسیان بەیەکەوە بەستراوەتەوە!

Yariga App

یاریگا –

هاوشێوەیی ئەوەی لە یاری کۆتایی کۆپا ئەمێریکای 2024 روویدا لەگەڵ یاری کۆتایی یۆرۆی 2016، بۆ لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ سەرنجی زۆر خەڵکی بەلای خۆیدا راکێشاوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە کاتی کوردستان، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاری کۆتایی کۆپا ئەمێریکا رووبەڕووی هەڵبژاردەی کۆڵۆمبیا بووەوە و توانی بە گۆڵێک کە لە خولەکی 111دا تۆماری کرد، ببێتە پاڵەوانی ئەمێریکا.

لیۆنێل مێسی لە پێکهاتەی وڵاتەکەیدا وەکو یارییەکانی قۆناغەکانی پێشووی کۆپا ئامادەبوو، هەروەها هەوڵی زۆری دا هاوکاری ئەرجەنتین بکات بۆ کردنەوەی گۆڵی بەرامبەر، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.. لە کاتێکدا نزیکەی 20 خولەک بەسەر دەستپێکی گێمی دووەمدا تێپەڕیبوو، ئەم یاریزانە لەناکاو کەوتە سەر زەوی بەبێ ئەوەی بەرکەوتنی لەگەڵ یاریزانێکی بەرامبەردا هەبێت.

وا دیار بوو پاژنەی پێی لە هەوڵی گەیشتن بە تۆپەکە سووڕا و بە ئازارێکی زۆرەوە کەوتە سەر زەوی. دەستبەجێ ستافی پزیشکی گەیشتنە لای، بەڵام دۆخەکە باش نەبوو، کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینیش بە گریانەوە یاریگای بەجێهێشت.

گریانەکەی لەسەر کورسی یەدەگ لەکاتێکدا چاوی لە پاژنەی پێی دەکرد، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هاندەرانی تۆپی پێ دڵتەنگ بن و بێگومان یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپای 2016ی بیرخستنەوە.

لەو پاڵەوانێتییەدا شتێکی هاوشێوە بەسەر هەڵبژاردەی پورتوگال و کریستیانۆ رۆناڵدۆدا هات. لەو یارییەدا، لە خولەکی 25دا، کریستیانۆ بەهۆی پێکان و ئازارەوە نەیتوانی درێژە بە یارییەکە بدات، ناچار بوو یاریگا بەجێبهێڵێت و فرمێسکەکانی لە یاریگادا کاریگەری لەسەر هەموو لایەک هەبوو.

ئەوەی جێگای سەرنجە، هەڵبژاردەی پورتوگال لەو یارییەدا، هاوشێوەی ئەرجەنتین لە یارییەکەی ئەم بەیانییەدا، لە کاتی زیادکراودا لەلایەن ئیدەرەوە گۆڵی تۆمارکرد، یاریزانێک کە هاوشێوەی مارتینێز وەک یەدەگ هاتە ناو یاریگا و دەرفەتی بەدەستهێنانی پاڵەوانێتیەکەی بۆ هەڵبژاردەکەی رەخساند.

وێنە بڵاوکراوەکانی مێسی کە بە دڵەڕاوکێوە لە تەنیشت یاریگادا وەستاوە و چاوەڕێی فیکەی کۆتایی ناوبژیوان دەکات هاوشێوەی ئەو وێنانە بوو کە رۆناڵدۆش بە پێکانەوە لە کۆتا خولەکەکان لە تەنیشت یاریگاوە بە دڵەڕاوکێ چاوەڕێی کۆتایی هاتنی یارییەکەی دەکرد.

لە کۆتاییدا یاریزانانی هەردوو تیپ بەهۆی کاپتنەکانیانەوە کە دوو یاریزانی گەورەن لە مێژووی تۆپی پێدا هەوڵیاندا ئەم پاڵەوانێتییە بەدەستبهێنن و جامەکەیان پێشکەشی ئەوان کرد و هەوڵیاندا فرمێسکەکانیان بگۆڕن بۆ فرمێسکی خۆشی و لەم کارەشدا سەرکەوتوو بوون. رووداوەکەی دوێنێ شەو بووە هۆی نووسینەوەی چیرۆکێکی تری هاوشێوەی چارەنووسی رۆناڵدۆ و مێسی لە تۆپی پێدا.

بابەتی زیاتر

Back to top button